بوفۆن خەڵاتی پێی زێڕینی بردەوە

:: AM:10:50:12/10/2016 ‌

جیانلۆجی بۆفۆنی گۆڵپارێزی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی خەڵاتی پێی زێڕینی 2016ی بردەوە و لەپێش هەردوو ئەستێرە لیۆنێل میسیی ئەرجەنتینی و كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی كەوتەوە.

بەمەش بوفۆن بووە یەكەم گۆڵپارێز خەڵاتی پێی زێڕین بباتەوە كە ساڵانە لە شاری مۆناكۆی فڕەنسی بەسەر ئەو یاریزانانە دابەش دەكرێ كە لەسەرووی تەمەنی 28 سالییەوەن.

بوفۆن خەڵاتەكەی پێدرا بەهۆی ئەو ئاستەبەرزەی لە وەرزی رابردوو 2015-2016 پێشكەشی كردبوو و لەگەڵ یانەی یۆڤانتۆس هەردوو ناسناوی خول و جامی ئیتاڵیای بەدەستهێنابوو، هەروەها رۆلێكی سەرەكیشی گێڕابوو لە گەیشتنی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە قۆناغی چواریەكی كۆتای جامی نەتەوەكانی ئەوروپا (یۆرۆی 2016) كە هاوینی رابردوو لە فڕەنسا بەڕێوە چوو.

ئەم خەڵاتە پێشتر بە چەند یاریزانێكی تریشی ئیتاڵیش درابوو لەوانە رۆبەرتۆ باجیۆ لە ساڵی 2003، ئەلیساندرۆ دێل پیرۆ لە ساڵی 2007 و فڕانشیسكۆ تۆتی لە 2010.

جێی باسە دوایین یاریزان كە خەڵاتی پێی زێڕینی بردبووەوە ساموێل ئیتۆی هێرشبەری كامیڕۆنی و یانەی ئەنتالیا سپۆری توركی بوو كە پارساڵ خەڵاتەكەی پێدرابوو.

وشە/ ئامانج ئەكرەم



وشە - باز ئه‌حمه‌د