مووسڵاوییەكان سەركردە سیاسییەكانیان سزا دا

:: PM:05:51:20/05/2018 ‌


بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن بێت، هاوپەیمانی نەسڕ و پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ زۆرترین كورسیان بەدەست هێناوە و لیستە سوننەكانیش دەنگێكێ كەمیان بەدەست هێناوە، چاودێرێكی سیاسی دەڵێ سوننەكان سەركردەكانی خۆیانیان وەك داعش سزا دا.

ئەگەرچی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق كە بۆ یەكەمجار بە سیستەمی سندووقی زیرەك بەڕێوە چوو، لێوان لێو بوو لە سوپڕایز بۆ هەندێك لایەن و شۆك بۆ ئەوانی تر. موقتەدا سەدر دەبێتە براوەی هەڵبژاردن و نووری مالیكی گەورەترین شكستی هێنا، عەبادیش دوو هەزار دەنگی بۆ ملیۆنێك و 200 هەزار دەنگ بەرز كردەوە.

 پێوەند بە سوننەكان، گۆڕانكاری زۆر گەورە لە هاوكێشەكەدا رووی دا بەوەی بەشی زۆری لیستە سوننەكان لەناو ماڵەكانی خۆیاندا شكستیان هێنا، لەوانە لە مووسڵ كە دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە و 34 كورسی پەرلەمانی لێیە، لیستەكەی حەیدەر عەبادی زۆرترین كورسی دەبات و پاشان پارتی دێت.

مووسڵ كە ژمارەی دانیشتووانی دوو ملیۆن و500 هەزار كەس دەبێت و بۆ هەڵبژاردن ملیۆنێك و 600 هەزار دەنگدەری هەبوو، بەڵام بەهۆی داگیركردنی لەلایەن داعشەوە لە هاوینی 2014 تا كۆتایی ئابی 2017، دانیشتووانەكەی ناچار بوون یان لەناو ئاگردا ژیان بەسەر ببەن یانیش لە كەمپەكاندا.
لەم ماوەیەدا كەمترین بەرپرسی سوننە سەردانی كەمپەكانی كردووە و خزمەتگوزاری پێشكەش كردوون، بۆیە چاودێران پێیان وایە ئەمە یەكێك بوو لە هۆكارەكانی شكستی سەركردە سوننەكان.

عەبدولمەجید راوی، شارەزای سیاسی دەڵێ دەرئەنجامی هەڵبژاردن شەق وەشاندنێكی زۆر بەهێز بوو لەلایەن مووسڵاوییەكان بۆ سەركردە سیاسییەكانیان, لەوانە سەركەوتنی هاوپەیمانی نەسڕ بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی ئاماژەی ئەوەیە كە دەنگدەر ئامادەیە دەنگ بداتە كەسێكی تر ئەگەر لە رووی مەزەوییەوەش لێی جیاواز بێت، مادام شارەكەی رزگار كردووە, هاوكات ئامادەیە دەنگ بداتە حزبێكی كوردیش كە ئەوی حەواندووەتەوە.

ڕاوی كە خۆی خەڵكی مووسڵە، ئەوەی لە مووسڵ رووی دا باشترین نموونەیە لە گۆڕانكاریی ریشەیی لە نەخشەی سیاسی عێراق دوای 2003، بە تایبەت لە مووسڵی كە شاری هێز و قوڕسایی سوننەیە.

زیاتر گوتی، "ئێستا خەڵكی مووسڵ وا تێگەیشتوون كە هەموو ئەوەی بەسەریاندا هاتووە دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەی سەركردەكانیان بووە كە هیچ گرنگیان بە ناوچە سوننەكان نەداوە".

زیاتر گوتی، "دەنگدان بە كەسانی تری دەرەوەی لیستی مووسڵاوییەكان لەو بڕوایە سەری هەڵداوە دەكرێت كەسانی تر بە دنیا بینییەكی نوێ و بابەتی بتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات".
 

لە مووسڵ هاوپەیمانی نەسڕ بە كۆكردنەوەی 164 هەزار و 714 دەنگ كە دەكاتە حەفت كورسی و دوای ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستان بە كۆكردنەوەی 134 هەزار و 782 دەنگ لە پلەی دووەم هات كە دەكاتە شەش كورسی، پاشان هاوپەیمانی نیشتمانی بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی كە سەركردەیەكی شیعەی لیبڕاڵە، 97 هەزار دەنگی بەدەست هێناوە كە دەكاتە چوار كورسی، دوای ئەویش هاوپەیمانی مووسڵ ناسنامەمانە بە 78 هەزار و 793 دەنگ چوار كورسی بەدەست هێناوە وەك یەكەم لیستی سوننەی شارەكە.

ڕاوی دەڵێ، بارزانی و عەبادی توانیان باوەڕ بە خەڵكی مووسڵ بێنن كە دەنگیان پێ بدەن ئەمیش بە گرتنەبەری سیاسەتێكی میانڕەوانە. لەم هاوكێشەیەشدا زیاتر دۆخەكە بەلای عەبادی رۆیشت كە توانی مووسڵ لە دەستی داعش رزگار بكات، هاوكات بارزانیش بە حەواندەوەی زیاتر لە ملیۆنێك ئاوارەی عەرەبی مووسڵ و رێزگرتنیان، توانی كاریگەری لەسەر دەنگی ئەوان دا بنێت.

سەعادە سابونجی، رۆژنامەنووس كە دەنگی بە لیستەكەی عەبادی داوە دەڵێ، هەڵاتنی سەركردە سوننەكان لە بڕیارەكانی بەغدا هیچ سوودی بۆ مووسڵ نەبووە جگە لە بڕینی بودجەی شارەكە نەبێت و لەگەڵ پشتگوێخستنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و تەندروستی و پەروەردە و فێركردن نەبێت، دواجار بووە هۆی داڕمانی باری تەناهی شارەكە و هاتنی داعش كە هەرچی جۆری تاوان هەبووە بەرانبەر بە خەڵكی شارەكە كردوویەتی.

زیاتر گوتی، "مووسڵ پێویستی بە كەسانی سیاسی وەها هەیە لە بەغداوە نزیك بێت و تێگەیشتنێكی گەورەی بۆ بەغدا هەبێت وەك ناوەندی بڕیار، بۆیە دەبێت لە هەموو ئەو سیاسییانە خۆمان بەدوور بگرین كە دەیانەوێت بارگرژی بنێنەوە".

چاودێران پێیان وایە بەهۆی ئەو دەنگە زۆرەی لیستی (بەیارق ئەلخەیر) بەسەركردایەتی خالید عوبێدی وەزیری پێشتری بەرگری بەدەستی هێنا كە دواتر چووە ناو هاوپەیمانی نەسڕ بەسەرۆكایەتی عەبادی، وای كرد لیستەكەی عەبادی زۆرینەی دەنگی پارێزگایەكە وەربگرێت.

جێی باسە عوبێدی لە دانیشتنی لێپرسینەوەی لەلایەن پەرلەمانی عێراق، مشتومڕێكی زۆری نایەوە بەهۆی ئاشكراكردنی دەیان بەڵگەی گەندەڵی و ئاشكرا بوونی چەندان بەڵگەی گەندەڵیش لەسەر عوبێدی لە مانگی ئابی 2016.

لەو دانیشتنەی پەرلەماندا عوبێدی چەندان سەركردەی باڵای سوننەی بە گەندەڵی تۆمەتبار كرد لەوانە سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان، ئەگەرچی دواتر بە زۆرینەی دەنگ لە پۆستەكەی دوور خرایەوە، بەڵام بەهۆی ئەو كەسایەتییەی لە نێوەندی سەربازی و خەڵكیدا هەیبوو، هەروەها شەڕكردنی دژی داعش وای كرد مووسڵاوییەكان دەنگی پێ بدەن.

دۆسیەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاربووەكانی دەستی داعش گرنگترین پرسە لەبەردەم حكوومەتی داهاتوودا، پێوەند بەو پرسە كەسایەتی سیاسی و شارەزای كاروباری هێزە شیعەكان عەبدولحەسەن ئەلخالدی دەڵێ سەركەوتنی لیستە شیعەكان لەم هەڵبژاردنەدا بە مانای ئەوە نایەت ئەوان كەسایەتی سەركەوتوون.
ئەوەشی خستە ڕوو كاتێك لیستە شیعەكان لە مووسڵ دەنگ بەدەست دەهێنن بە دیوەكەی تر بە مانای ئەوە دێت كە خەڵكی ئەو ناوچەیە  لە كەسایەتییە سیاسییەكانی خۆیان بێزار بوونە و بۆ رزگار بوون لەوان دەنگ بە كەسانی تر دەدەن.

خالدی كە خۆی خەڵكی موسڵە بۆ "ئەنادۆڵ" قسەی كردووە، كە رۆژنامەی "قودس" بڵاوی كردووەتەوە، دەنگهێنانی ئەوان مانای ئەوە نییە سیاسییە شیعەكان لە ئاستێكی سەركەوتنی بەرزدان، ئەگەر ئەوان وەها بوونایە ئەی بۆ لە ناوچەكانی خۆیان كە شارە شیعەكانە سەركەوتنیان بەدەست نەهێنا، ئەمە وەك ئاماژەیەكە بۆ سەركەوتنی عەبادی لە مووسڵ.



وشە - فه‌رمان سادق