حزبوڵای لبنانی دەبێتە رێكخەری پڕۆژەی ئاشتەوایی عێراق

:: PM:06:11:01/12/2016 ‌
گەورە سیاسەتوانێكی عێراق ئاشكرای دەكات كە حزبوڵای لبنانی هاتووەتە سەر خەتی ناوەندگیری لە نێوان هێزەكانی ناو هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە)ی فەرمانڕەوا لە عێراق بۆ رازیكردنیان بە دەستپێشخەرییە مێژووییەكەی عەمار حەكیم بۆ ئاشتەوایی و یەكلاكردنەوەی سیاسی لە عێراق.

حزبوڵای لبنانی محەمەد كەوسەرانی بەرپرسی فایلی عێراق لەو حزبەی بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونی هێزەكانی هاوپەیمانیەتییەكە راسپارد بەتایبەتی بۆ رازیكردنی نەیارانی پڕۆژەكە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای بەسەرۆكایەتی نووری مالیكی و رەوتی سەدر بەسەركردایەتی موقتەدا سەدر و رێكخراوی بەدر بەسەرۆكایەتی هادی عامری.

سەركردەیەكی هاوپەیمانی نیشتیمانی لای خۆیەوە رای گەیاند كە عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانییەكە پەنای بۆ حزبوڵای لبنانی بردووە بۆ رازیكردنی نەیارانی پڕۆژەكە بەهۆی كاریگەری ئەو حزبە لەسەریان و حبزبوڵاش كەوسەرانی بۆ ئەو ئەركە راسپاردووە.

بەپێی ئەو سەركردە كەوسەرانی دەستی كردووە بە پێوەندیكردن بە سەرانی هێزە نەیارەكانی پڕۆژەكە و چاوەڕوان دەكرێت كە لە چەند رۆژی داهاتوودا بگاتە بەغدا بۆ ئەو مەبەستە.

بەر لە ماوەیەك هەریەك لە نووری مالیكی و قەیس خزعەلی سەرۆكی میلیشیای عەسائیب ئەهلولحەق و ئەكرەم كەعبی سەرۆكی میلیشیای نوجەبا و سەرانی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی سەردانی جیایان بۆ بەیرووت كرد و چاویان بەسەركردە دیارەكانی ئەو حزبە كەوت و دۆخی سیاسی و ئابووری عێراق و پرۆسەی سیاسیان بۆ باسكردن. 

پەنابردنی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ حزبوڵای لبنانی دوای نووچخواردنی هەوڵەكانی گەیشتنە یەك بوو بۆ پاڵپشتیكردنی هەموو هێزەكانی ناو هاوپەیمانی نیشتیمانی لە پڕۆژە چاكسازییەكەی عەمار حەكیم كە لە تشرینی یەكەمی رابردوو رای گەیاند.

هاوكات سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاشكرای كرد كە بەمنێزیكانە هەریەك لە ئەحمەد مەساری سەرۆكی بارستەی پەرلەمانی یەكێتی هێزە عێراقییەكان (سوننە) و زافر عانی پەرلەمانتاری سوننە بەنیازن سەردانی بەیرووت بكەن بەمەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسێكی حزبوڵای لبنانی بۆ باسكردنی پڕۆژە ئاشتەواییەكەی حەكیم.

سەرچاوەكە لەو بارەوە رای گەیاند كە كەسێكی تریش لە سەرانی سوننە هاوەڵی ئەو دوو پەرلەمانتارە دەكات و لە بەیرووت چاویان بە گەورە بەرپرسێكی حزبوڵا نزیك لە حەسەن نەسروڵای ئەمنیداری گشتی حزبوڵای لبنانی دەكەوێت، هەروەها چاویان بە باڵوێزی ئێران لەو وڵاتە دەكەوێت بۆ رێكخستنی سەردانێكیان بۆ ئێران لە داهاتوودا.

سەرچاوەكە روونی كردەوە كە پێشبینی دەكرێت چەندان پرسی هەڵواسراو بێتە باسكردن گرنگتریانیان هەرێمی سونە و یاسای حەشدی شەعبی، لەپاڵ ناوەندگیری حزبوڵای لبنانی لە نێوان یەكێتی هێزە عێراقییەكان و ئێران بۆ چارەسەركردنی چەند پرسێكی هەڵپەسێردراو، روونی كردەوە كە شوێنی حەوانەوە بۆ ئەو كەسایەتییانە لە هوتێل كۆرال بیگ و هوتێل ساحە لە بەرەی باشووری بەیرووت گیراوە.

دوێنێ چوارشەم خەمیس خەنجەر سیاسەتوان و بازرگانی سوننە رای گەیاند كە لە وڵاتێكی ئاینیدا كە سوننە تیایدا فەرامۆش دەكرێن هیچ چارەسەرێكی ترمان بەدەستەوە نییە بێجگە لە پەنابردن بۆ هەرێمەكان بۆ پاراستنیان.  

یەكشەمی رابردوو یەكێتی هێزە عێراقییەكان (سونە) وەك كاردانەوەیەك لە بەرامبەر پەسندكردنی پەرلەمان بۆ یاسای حەشدی شەعبی رای گەیاند كە پڕۆژە چاكسازییەكەی حەكیم رەت دەكەنەوە و نووسراوی پڕۆژەكە لە نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان وەرناگرن.

سەرچاوە: عەرەبی ئەلجەدید



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل