میسی وشەی نهێنی گرێبەستەكەی گریزمانە لەگەڵ بەرشەلۆنە

:: AM:11:32:21/05/2018 ‌

رۆژنامەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد كە لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی رۆلی سەرەكی دەبینێ لە گرێبەستی یانەی بەرشەلۆنە لەگەڵ ئەنتوان گریزمانی ئەستێرەی فڕەنسی و یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.

رۆژنامەی (ئاس) ئاشكرای كرد: گریزمان دوودڵ بوو لە گرێبەستكردن لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بەتایبەتیش بەهۆی ئەو دەستەوارەیەی یانەی ریال مەدرید پێشكەشی كردبوو كە لە رووی داراییەوە زۆر لە دەستەوارەی یانە كەتەلۆنییەكە باشتر بوو.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: سەرەڕای هەموو ئەمانە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی میسی لەگڵ گریزمان رۆلی سەرەكی گێڕا و هەموو دڵەڕاوكێیەكانی ئەستێرە فڕەنسییەكەی بڕاندەوە و پێشوازی لە بیرۆكەی چوونی بۆ یانەی بەرشەلۆنە كرد.

بەگوێرەی رۆژنامەكە میسی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بە گریزمانی راگەیاندبوو كە سەرجەم یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە بە دڵێكی خۆش و دەستێكی كراوەوە پێشوازی لە هاتنی دەكەن.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە گریزمان بەر لە دەستپێكردنی یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا لە 14ی حوزەیران گرێبەستكردن لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە رادەگەیەنێ دوای ئەوەی پارەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید دەدەن كە بە 100 ملیۆن دیاری كراوە و مووچەی ساڵانەكەشی لە یانەی نوێیەكەی دەبێت بە 25 ملیۆن یۆڕۆی ساڵانە.
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م