گەندەڵییەكی گەورەی بەرپرسێكی گۆڕان ئاشكرا بوو

:: AM:11:50:21/05/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان، گەندەڵی وەزیرێكی گۆڕان لە حكوومەتی عێراق ئاشكرا دەكات و دووپات لەوە دەكاتەوە، سەبەتەی خۆراكی ئاوارەكانی بەسەر خەڵكی كەلاردا دابەش كردووە كە لە ماڵ و حاڵی خۆیانن و بە هیچ شێوەیەك ئاوارە نین، تا سەبەتەی خۆراكیان پێ بدرێ.

محەمەد عەبدولوەهاب ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان و نوێنەری گەرمیان لە ئەنجوومەنەكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دەرباز مەحەمەد وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی حكوومەتی عێراق، ژمارەیەك سەبەتەی خۆراكی ناردووە و بەسەر ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی شارۆكەی كەلاری ناوەندی یەكەی كارگێڕی گەرمیان دابەشی كردووە.

زیاتر گوتی، ئەو كارەی وەزیری كۆچبەران گەندەڵییەكی ڕوون و ئاشكرایە، چونكە ئەو سەبەتە خۆراكییانە بۆ ئاوارەكان تەرخان كراون، بەڵام ئەو بەسەر خەڵكی كەلاری دابەش كردووە، كە هیچ یەكێكیان ئاوارە نین و لە ماڵ و حاڵی خۆیانن و خەریكی كەسابەتی خۆیانن.

زیاتر گوتی، بە وردی نازانین چەند سەبەتەی خۆراك و بەسەر چەند هاووڵاتیی كەلار دابەش كراون، بەڵام ئەندامێكی تری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان هاوئاهەنگ بووە لەگەڵ وەزیری كۆچبەران بۆ ئەوەی ئەم گەندەڵییە ئەنجام بدەن.

دەرباز محەمەد لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراقە و خەڵكی سنووری گەرمیانە، پاش خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ئەو وەزیرەی گۆڕان بە هیچ شێوەیەك كۆمەك و هاوكاری نەگەیاندە خەڵكی لێقەوماوی كەركووك و خورماتوو كە زێدی خۆیان بەهۆی كوشتوبڕی حەشدی شەعبی بەجێ هێشت و ئاوارە و سەرگەردان بوون.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د