خراپترین یانەكانی ئەوروپا لەم وەرزەدا كامانە بوون؟

:: PM:12:09:21/05/2018 ‌

ركابەرییەكانی پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپا كۆتاییان هات و چەند یانەیەك خراپترین ئاستیان لەم وەرزەدا پێشكەش كرد لەسەرووی هەموویانەوە یانەی بینیڤینتۆی ئیتاڵی بوو كە تامی 29 شكستی لەم وەرزەدا چەشت.

لە ماڵپەڕی (وشە) ئەنجامی ئەو یانانە دەخەینە كە لەم وەرزەی پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپادا زۆرترین شكستیان چەشتبوو.

خولی نایابی ئینگلیزی (پریمەر لیگ)

یانەی سوانزی سیتی لەم وەرزەدا لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزی هات لە رووی شكستەوە، یانەكە لە كۆی 38 یارییدا 21 دۆڕان و 8 سەركەوتن و 9 یەكسانبوونی تۆمار كردبوو.

هەروەها یانەكانی ستووك سیتی و وێست برۆمیچ ئەلبیۆن لەم وەرزەدا هەریەكەو 19 یارییان دۆڕاندبوو، هەروەها یانەكانی واتفۆرد و هیدێر سڤێڵد تاونیش بەهەمانشێوە لە كۆی 38 یارییدا 19 یارییان دۆڕاندبوو.

خولی پلە یەكی ئیسپانیا (لیگا)

هەردوو یانەی مەلەگە و لاس پاڵماس لەم وەرزەی خولی ئیسپانیادا زۆرترین جار تووشی دۆڕان ببوون، لاس پاڵماس لە كۆی 38 یارییدا 26 یاریی دۆڕاندبوو و یانەی مەلەگەش 28 یاریی.

لەبەرامبەریشدا یانەی مەلەگە 5 سەركەوتن و 5 یەكسانبوونی بەدەستهێنابوو، یانەی لاس پاڵماسیش 5 سەركەوتن و 7 یەكسانبوونی تۆمار كردبوو.

خولی پلە یەكی ئیتاڵیا (كالچیۆ)

یانەی بینیڤینتۆ لە وەرزی ئەمساڵی خولی پلە یەكی ئیتاڵیادا ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی تۆمار كردبوو ئەویش دۆڕان بوو لە 29 یارییدا لە كۆی 38 یاری.

هەر لە خولی ئیتاڵیا دوای یانەی بینیڤینتۆ، یانەی هیلاس ڤیرۆنا دووچاری دووەم زۆرترین دۆڕان ببووەوە ئەویش دۆڕا بوو لە 27 یاری لەگەڵ 4 یەكسانبوون و 7 سەركەوتن.

خولی پلە یەكی ئەڵمانیا (بۆندز لیگا)

ینەی كۆڵن لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەڵمانیا تامی زۆرترین شكستی كردبوو كە 22 شكست بوو لە كۆی 34 یارییدا لەگەڵ 5 سەركەوتن و 7 یەكسانبوون.

دوای ئەویش یانەی هامبۆڕگ هات بە 19 شكست لەگەڵ 8 سەركەوتن و 7 یەكسانبووندا.

خولی پلە یەكی فڕەنسا (لیگ وەن)

یانەی میتز تووشی زۆرترین شكست ببووەوە لەم وەرزەی خولی فڕەنسادا كە 24 شكست بوو لە كۆی 38 یارییدا، هەروەها 6 سەركەوتن و 8 یەكسانبوونیشی تۆمار كردبوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م