ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ لە بەرزبوونەوەدایە

:: PM:12:13:21/05/2018 ‌

دەریاچەی ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان كە خەریك بوو وشك بێت، ساڵ بە ساڵ رووبەری ئاوەكە بەرفراوانتر و بەرزیی ئاوەكەش زیاتر دەبێت. لە ماوەی یەك هەفتەدا ئاوی دەریاچەكە پێنج سانتیمەتر بەرز بووەتەوە و ئەمەش بۆ ئەو بارانە زۆرە دەگەڕێتەوە كە ماوەیەك بوو لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان دەباری.

فەرهاد سەرخۆش سەرۆكی نووسینگەی دامەزراوەی رزگاركردنی دەریاچەی ورمێ لە پارێزگاكە ئاشكرای كرد، ئێستە بەرزیی دەریاچەی ورمێ لەسەر ئاستی دەریاكان هەزار و 270 مەتر و 82 سانتیمەترە و لە ماوەی هەفتەیەكدا پێنج سانتیمەتر بەرز بووەتەوە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە، بەرزایی دەریاچەكە بەراورد بە نزمترین حاڵەت 78 سانتیمەتر بەرز بووەتەوە و ئەمەشی بە هەنگاوێكی گرنگ لە سەركەوتنی رێوشوێنەكانی حكوومەتی ئێران بۆ رزگاركردنی ئەم دەریاچەیە لە وشكبوون هەژمار كرد.

بەگوێرەی "ئیرنا" رووبەری ئاوی دەریاچەكە ئێستە دوو هەزار و 367 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە و بەراورد بە هەفتەیەك لەمەوبەر رووبەرەكەی 56 كیلۆمەتری چوار گۆشە فراوانتر بووە.

پێویستە بگوترێت 21 رووباری هەمیشەیی و 39 رووباری وەرزی دەڕژێنە دەریاچەی ورمێ و لە چەند ساڵی رابردوو ئاوی دەریاچەكە بە هۆی كەمیی بەفر و باران دابەزیبوو.

بەهۆی پڕۆژەیەك كە حكوومەتی ئێران بۆ بووژانەوەی دەریاچەكە دەستی پێ كردووە، دەبێت لە ماوەی 10 ساڵدا ئاستی بەرزایی دەریاچەكە ئاسایی بكرێتەوە.

 دەریاچەكە لە ساڵی 2005ەوە رووی لە وشكبوون كرد و تا ساڵی 2015 زیاتر 80%ی دەریاچەكە وشكی كرد. وشكبوونی دەریاچەكە دەبووە هۆی دروستكردنی كارەساتێكی گەورە لە ناوچەكە، چونكە بە هۆیەوە بە ملیۆنان كەس دەبوو ناوچەكانیان جێ بهێڵن.

دەریاچەی ورمێ بە دووەم گەورەترین دەریاچەی سوێری دنیا هەژمار دەكرێت كە لە دوو دەیەی رابردوو مەترسی وشكبوونی لەسەر بووە. یەكێك لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەكە لە رابردوودا پێوەندی بە پێڕەوكردنی شێوەی كۆنی ئاودێری لە ناوچەكە هەبووە كە ئاوێكی زۆر بە فیڕۆ دەچێت و هۆكاری سەرەكیش، كەمبوونەوەی باران بووە لە دووو دەیەی رابردوو.

ئاوی دەریاچەی ورمێ دەبێت نزیكەی سێ مەتری تر بەرز ببێتەوە تا بگاتە ئاستی ناوەندیی ئاوی دەریاچەكە. بەو سیستەمە نوێیەی لە ئاودێری زەوییە كشتوكاڵییەكانی نزیك دەریاچەكە پێڕەو دەكرێت، رێژەی بەكاربردنی ئاو 40% دابەزیوە كە یارمەتی زیادبوونی ئاوی دەریاچەكەی داوە. نزیكەی 48 هەزار دۆنم لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی ورمێ لە دوو ساڵی رابردوودا میكانیزە كراون و بە سیستەمی نوێ ئاو دەدرێن.

رزگاركردنی دەریاچەی ورمێ یەكێك بوو لە گرنگترین پلانەكانی كابینەی حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێران دوای ئەوەی پۆستەكەی وەرگرت. لە كۆتاكانی خولی یەكەمی دەسەڵاتی روحانی، ئەو سیاسەتی رزگاركردنی دەریاچەكەی گۆڕیبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییەكانی وشكبوونی دەریاچەكە.

لە خولی پێشوویدا روحانی تریلیۆنێك و 700 ملیار تمەن بودجەی پەسند كرد بۆ رزگاركردنی دەریاچەكە كە دەكاتە نزیكەی نیو ملیار دۆلار، بەڵام  یەك لەسەر سێی ئەو بودجەیەی بۆ خەرج كرا.

روحانی لە ماوەی دەسەڵاتیدا دەستەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێی پێكهێنا. ئەم دەستەیە پڕۆژەیەكی 26 لایەنەی بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەكە پێشنیاز كرد. ئەندامانی دەستەكە گوتیان پڕۆژەكانیان سەركەوتوو بووە. ئەوان كۆتای ساڵی  2016 ئاشكرایان كردبوو ئاستی ئاو لە چاو ساڵی 2015، سەرووی ٤٠ سەنتیمەتر بەرز بووەتەوە.

بەڵام شارەزایان هێشتا بەوپەڕی نائومێدییەوە لە چارەنووسی دەریاچەكە دەڕوانن و دەڵێن گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەكەی، بارانی زۆر بووە نەك سیاسەت و پلانەكانی حكوومەت. 

پێشتر پسپۆڕانی ژینگە هۆشدارییان دابوو ئەگەر دەریاچەكە وشك بێت، ئەوا مەترسی بۆ سەر ژیانی پێنج ملیۆن كەس لە دانیشتووانی دەوروبەری ورمێ دروست دەبێت. بڕی ئەو خوێیەی لە دەریاچەكەدا هەیە دەگاتە 10 ملیار تۆن و ئەگەر وشك ببێت، ئەوا با وردە خوێیەكە بۆ دەوروبەری خۆی دەگوازێتەوە و كشتوكاڵی ناوچەكەش لە ناو دەبات.

دەریاچەكە سنووری رۆژهەڵاتی كوردستانە لەگەڵ ناوچەی ئازەربایجان و وشكبوونی دەریاچەكەش هەڕەشەیە بۆ سەر دانیشتووانی هەردوو شاری ورمێی كوردستانی و تەورێزی ئازەربایجانی.

لە بازنەی 100 كیلۆمەتری نزیك دەریاچەی ورمێ سەرووی پێنج ملیۆن كەس دەژین. یەكێك لە گرنگترین ئەو شارانەی لە بەردەم مەترسیدایە ئەگەر دەریاچەكە وشك بێت، بریتییە لە شاری تەورێز كە بە ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات هەژمار دەكرێت.

 ئەو شارە ئازەرینشینە و ئەگەر دەریاچەكە وشك بێت، ئەوا دەبێت چۆڵ بكرێت و شارەكە بۆ شوێنێكی تر بگوازرێتەوە و گواستنەوەی شارەكەش یەك تریلیۆن دۆلاری تێ دەچێت، لە كاتێكدا رزگاركردنی دەریاچەی ورمێ بە بەرنامەیەكی ١٠ ساڵە شەش ملیار دۆلاری پێویستە.

تەورێز 146 كیلۆمەتر لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان دوورە. ورمێ لە دەریاچەكە نزیكترە، بەڵام مەترسی زیاتر بۆ سەر تەورێز دێتە كایەوە، چونكە ئاراستەی بای ناوچەكە خوێی دەریاچەكە بۆ سەر شاری تەورێز دەگوازێتەوە و ناوچە كشتوكاڵییەكانیش تووشی وشكبوون دەكات.




وشە - سلێمان تاشان