دووبارە دەستكاری پاشەكەوتی مووچە دەكرێت

:: PM:02:50:21/05/2018 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، دوای پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازیی مووچە، جارێكی تر پێداچوونەوە بە مووچە دەكرێت و ئەگەری هەڵگرتنی ئەوە هەیە پاشەكەوت بەتەواوی هەڵبگیرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 21ـی ئایار، نازم هەركی جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان نەكرا بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕاپۆرتی لیژنەی یاسایی و لیژنەی دارایی بۆ ڕۆژێكی تر دانیشتنەكە دواخرا.

جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ دەڵێت، بڕیاری دەستكاری كردنەوەی مووچە جارێكی تر هەیە، ئەوەش دوای پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی و خانەنشینی لە پەرلەمانی كوردستان كە ئێستە هەنگاوێكی زۆری بڕیوە.

هەركی ئاشكرای كرد، ئەگەر پڕۆژە یاساكە پەسەند بكرێت، ئەوە بە دڵنیایییەوە ئەگەری هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە بەتەواوی هەیە، بۆیە جارێ‌ هیچ بڕیارێك نییە بۆ دووبارە دەستكاریكردنی مووچەی هێزەكانی ناوخۆ لەو مانگەدا، بەڵكو دوای پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكە ئەوە دەبێت.

لە كۆتای ساڵی 2017 حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژە یاسای چاكسازی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرد، دوای پەسەندكردنی ناڕەزایەتییەكی زۆر دروست بوو لەسەر مادەی سێ‌ و حەوت و 12، بۆیە پەرلەمانی كوردستان بڕیاری دا جارێكی تر پێداچوونەوە بۆ ئەو مادانە بكات.



وشە - رامیار جەواد