بەهۆی حەشد شەعبی خەڵكی زومار ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەكانیان

:: PM:03:36:21/05/2018 ‌

دوای ئەوەی‌ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر شارەدێی زومار و دەوروبەریدا گرت، نزیكەی هەزار و 300 خێزانی تری زومار جارێكی تر ئاوارەی ناوچە جیاوازەكانی سنووری پارێزگای دهۆك بوون و ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خویان.

ئەحمەد گەرگەری بەڕێوەبەری شارەدێی زومار بە "وشە"ی راگەیاند، پێش شەڕی داعش 16 كەس لە شارەدێی زومار دەژیان و دوای ئەوەی‌ كە هێزەكانی پێشمەرگە زوماریان لە دەست داعش دەرهێنا، نزیكەی 10 هەزار كەس لە ئاوارەكان‌ گەڕاونەتە‌وە ، بەڵام دوای ئەوەی كە حەشد شەعبی ناوچەكەی داگیر كرد، خەڵكەكە ئاوارە بوونەوە.

ئەو گوتی ئێستە نزیكەی هەزار و 300 خێزانی زومار لە سنووری پارێزگای دهۆك هەن و بەهۆی هێزەكانی حەشدی شەعبی ناتوانن بگەڕێنەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی كە پۆلیسی فیدراڵی و هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا ناوچەكەیان ‌جێ هێشت، ئێستە بەشێكی زۆری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە زومار كشاونەتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر 36 رێكخراو لە زومار چالاكییان هەبوو.

بەشی هەرە زۆری ئەو ئاوارانەی زومار پێكدێن لە 800 خێزانی گوندی بەردیە و 250 خێزانی گوندی حەمەد ئاغا و 300 خێزانی گوندی شەرابیانە و بە سەرجەمیان نزیكەی هەزار و 300 خێزان دەبن.

بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە ئەگەر رێی سحێلا بو زومار بكرێتەوە، ئەوا جارێكی تر ژمارەیەكی زۆری خەڵكی زومار دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ئێستە تەنیا 10 هەزار كەس لە خەڵكی زومار گەڕاونەتەوە و ئەوانی تر هەموویان ئاوارەی سنووری پارێزگای دهۆكن. ئەو بە پێویستی دەزانێت حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانیش هاوكاری خەڵكی زومار بكەن بو ئەوەی جارێكی تر ژیان بۆ خەڵكی ناوچەكە بگەڕێتەوە و چیتر نەبنە قوربانی ململانێ سیاسی و شەڕ و ناكۆكییەكان.

شارەدێی زومار پێكدێت لە 50 گوند، لەوانە 22 گوند لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پێشمەرگەدا‌ن و ژیانێكی ئاسایی و ئاسوودە بو هاووڵاتییان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دابین دەكرێت.

دهۆك / نەوزاد هلۆری:



وشە - سلێمان تاشان