نوێنەرێكی مەسیحییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، حەشدی شەعبی پێش هەڵبژاردن باسی لەوه كردبوو رێ نادات پارتە مەسیحییەكان كورسی كۆتا بەدەست بێنن و هەڕەشەی لێ دەكردن، لەم هەڵبژاردنەش دوو كورسی كۆتای بۆ خۆی بردووە لە كاتێكدا مەسیحییەكان دەنگیان پێ نەداون .
بەگوێرەی زانیارییەكان، شیعە دەنگیان بەو پەرلەمانتارانە داوە، بۆیە پارتە مەسیحییەكان سكاڵایان تۆمار كردووە و نەتەوە یەكگرتووەكانیشیان لێ ئاگادار كردووەتەوه.
وەحیدە یاقۆ هورمز نوێنەرێكی مەسیحییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند, لیستی بابلیۆن كە سەر بەحەشدی شەعبییە، پێش هەڵبژاردن هەڕەشەی له پارتە مەسیحییەكان كردبوو كە لەم هەڵبژاردنە رێ نادات كۆتاكان بۆ پارتەكانی مەسیحی بێت و بۆ ئەوان دەبێت و راستیشیان كرد، چونكە لەو هەڵبژاردنە دوو كورسی كۆتایان بردووە، كە مەسیحییەكان دەنگیان بەئەوان نەداوە و له نەجەف و كەربەلا دەنگیان بۆ خۆیان كۆ كردووەتەوە و بوونەتە خاوەن دوو كورسی. ئەو دەڵێت "پارتە مەسیحییەكان سكاڵایان تۆمار كردووە و نەتەوە یەكگرتووەكانیشیان لێ ئاگادار كردووەتەوە، چونكە ئێمە ئەو ژمارە دەنگانەمان نییە و ئەوەی ئەوان كردوویانە دەست بەسەرداگرتنی كورسیی كۆتای مەسیحییەكانە."
بە بۆچوونی ئەم پەرلەمانتارە مەسیحییەكان لە بەردەم مەترسییەكی گەورەی حەشدی شەعبیدان، چونكە ئەوان باسیان لەوە كردووە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش رێ نادەن كورسیی كۆتا بۆ پارتە مەسیحییەكان بێت، ئەمەش ستەمێكی گەورەیە لە مەسیحییەكان دەكرێت و پێویستە هەرچی زووە رێگری لێ بكرێت، ئەگەر نا دەست بەسەر مەسیحییەكاندا دەگرن و دەیانەوێت لەو رێیە شەرعییەتێكیش بەخۆیان بدەن.
وشە/بڵند ئیبراهیم