ئەمەریكا پەڕ و باڵی ئێران دەكات

:: PM:05:01:21/05/2018 ‌
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە گوتارێكیدا لە میانی پانێڵێكدا لە پەیمانگەی هێریتچ لە واشنتن باسی چەند خاڵێكی گرنگی كرد لە بارەی ئێرانەوە لەوانە پرسی چەكی ئەتۆم و موشەكی بالیستی.

پۆمپیۆ لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران كە ئەمەریكا لێی كشاوەتەوە، رای گەیان ئەمەریكا بەهیچ شێوەیەك رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆم.

زیاتر گوتی "ئەو رێككەوتنە  بۆ ئەمەریكا و ئەوروپا و سەرانسەری جیهان خراپە و بێ مانایە، ئەو رێككەوتنە وای نەكردووە ئێران لە چەكی ئەتۆم بە دوور بێت بە پێچەوانەوە رۆژ دوای رۆژ لێی نزیك دەكەوتەوە".

"دوای كشانەوەمان لە بەرنامەی ئەتۆمی گوشاری زیاتری ئابووری دەخەینە سەر ئێران تا هیچ گومانێكی لە ئەمەریكا نەمێنێت هەروەك هەفتەی رابردوو گوشارمان خستەسەر حزبوڵا و بانكەكانی كە گروپێكی تیرۆریستییە". پۆمپیۆ وای گوت، ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر ئێران هەڵوێستەكانی نەگۆڕێت ئەوا گوشارەكان بۆ ئێران زۆر بە ئازار دەبێت، بۆ داهاتووش ئەگەر ئێران بەردەوام بێت ئەوا دەبێت پێداگیری لەگەڵ خۆیدا بكات تا لەسەر پێی خۆی بوەستێت و رێگە نادەین لە هیچ شونێكی دنیا سەرچاوەی دارایی بەدەست بگات.

پۆمپیۆ زوو زوو دەیگوت ئەمەریكا رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆم، گوتی "ترەمپ دەڵێ ئەگەر ئێران بەرنامەی ئەتۆمی نوێ بكاتەوە ئەوا دووچاری كێشەی زیاتر دەبنەوە".

لەبارەی بەرنامەی مووشەكی بالیستیش، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەدا كە وڵاتەكەی بەهیچ شێوەیەك رێ نادات ئێران دەستدرێژی بكاتە سەر دەریای ناوەڕاست، هەستمان كردووە ئێران لە سووریا ویستوویەتی مووشەك ئاراستەی ئیسرائیل بكات رێگە بەوە نادەین.

گوتی "ئەمەریكا پلانێكی بۆ رێككەوتنەكە گرتووەتەبەر و پابەند دەبێت پێیەوە بۆ مووشەكی بالستیش رێگە نادەین پێشی بخات".

پۆمپیۆ باسی لە حزبوڵا كرد و ئەوەی خستەڕوو كە هەموو هەڕەشە و شەڕەكانی حزبوڵا دەوەستێنین و ناهێڵین دەست بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێت، رەخنەی ئەوەشی لە حكوومەتی ئێران گرت كە ملیۆنان دۆلار لە گروپە میلیشیاكانی حزبوڵا و حەماس و ئەوانی تر خەرج دەكات كەچی خەڵكەكەی گوزەرانیان رۆژ دوای رۆژ خراپتر دەبێت.

لە گوتارەكەیدا ڕای گەیاند، ئەمەریكا پشتگیری لە خەڵكی ئێران دەكات و رەخنەی ئەوەشی لە حكوومەتی ئێران دەگرت كە نەیتوانیوە هیچ هەنگاوێك هەڵگرێت بۆ چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە پێچەوانەوەی هەموو كارێكی كرد بۆ كپ كردنەوەی خۆپیشاندانەكان، ئێران مافی پێكهاتەكان نادات مافی ژنان نادات، هیچ كات نەیستووە كیشەكان چارەسەر بكات بۆ ئەم مەبەستە هەموو كارێك دەكات تا لە دەسەڵات بمێنێتەوە.
 
پۆمپیۆ لەبارەی ئەوەی دەبێت چی بكرێت، چەند خاڵێك دەخاتەڕوو، دیارترینیان:

-دەبیت ئێران رێ بدات پشكنەران سەردانی هەموو ئەو شوێنانە بكەن  كە گومانیان لەسەر هەیە.
-هەوڵ نەدات پیتاندنی ئەتۆم بەرز بكاتەوە.
-پشكێنەران دەبێت دڵنیا بن پیتاندنی یۆرانیۆم نەگەیشتووە ئاستێكی باڵا.
-ئێران دەبێت واز لە موشەكی بالیستی بهێنێت.
-دەبێت ئێران رێز لە سەروەری عێراق بگرێت و گروپە میلیشیاكانی بباتە دەرەوەی عێراق.
-دەبێت واز لە یارمەتیدانی حزبوللا و حەماس بهێنێت.
-واز لە میلیشیا حوسیەكان بهێنێت.
-واز لە تالیبان و گروپەكانی تری ئەفغانستان بهێنێت.
-دەبێت واز لە داڵدەدانی سەركردەكانی قاعیدە بهێنێت.

مایك پۆمپیۆ بە روون و رەوانی ئاماژەی بەوەدا كە ئێران بووەتە هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل، ئەمەش قبوڵ كراو نییە و رێگەی پێ نادەین.
ئەوەشی خستەڕوو لیستەكە دوورو درێژە، لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەكانمان گەیشتینە ئەوەی ئێران دەبێت واز لەو سیاسەتەی بهێنێت، بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی لە هاوبەشە ئەوروپییەككانمان دەكەین تا بتوانین بەیەكەوە گوشار بخەینە سەر ئێران كە بووەتە كێشەیەكی گەورە لە ناوچەكە و ئەو گۆڕانكارییانەی داوای دەكەین تەنیا هی ئەمەریكا نییە بەڵكو هی هاوبەشەكانمانیشە.

روونی كردەوە ئەگەر ئێران واز لەو سیاسەتەی بهێنێت، ئەوا ئەمەریكاش ئامادەیە بۆ خاتری خەڵكی ئێران هەندێك لە سزاكان هەڵگرین، گوتی "ئەگەر ئێران گۆڕانكاری بكات ئەوا ئامادەین لە بواری ئابووری یارمەتی خەڵكی ئێران بدەین، چونكە پێمانوایە ئێران مافی خۆیەتی پاڵپشتی لە خەڵكی خۆی بكات بەڵام نەك بەمجۆرەی ئێستە".

لە كۆتا قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەدا كە كاتی خۆی جۆن كێری وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریكا، زۆر هەوڵیدا لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ ئێران هەڵبدرێتەوە بەڵام ئێران ئەوەی نەكرد، كەواتە بۆچی دەبێت رێگە بە ئێران بدەین ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆم؟ زۆرباش لەو راستیە تێدەگەین! بۆیە سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێران كاریگەری زۆر گەورەی دەبێت، ئامانجی ئێمە لەمەدا دروستكردنی گوشاری زۆر گەورەیە بۆ سەر ئێران، لە ماوەی هەفتەی داهاتوود لەگەڵ كۆنگرێس قسە لەسەر سزاكان دەكەین كە مانگی نۆڤێمبەری داهاتوو جێبەجێ دەكرێن.

گوتی "ئێران ئەگەر بیەوێت پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتی نێودوەڵەتی بەردەوام بێت دەبێت گۆڕانكاری لە سیاسەتەكانی بكات، نابێت بەرنامەی موشەكی بالیستی و چەكی ئەتۆم لەسەر حیسابی خەڵكی ئێران بێت، بۆیە پێمان واسە سیاسەتی دیكتاتۆری ئێران لە ماوەی 40 ساڵی رابردوو كاریگەری لەسەر ئێرانیەكان هەبووە كە خەڵكێكی خاوەن شارستانی زۆر گەورەن"، زیاتر گوتی "وەك حكوومەتی ئەمەریكا پلانمان هەیە گوشارەكانی زیاتر بكەین، بە خەڵكی ئێران دەڵێین لەگەڵتانین".


وشە - فه‌رمان سادق