دژی خانەنشینكردنی پەرلەمانتاران لە هەولێر خۆپێشاندان دەكرێت

:: PM:06:20:21/05/2018 ‌
بڕیارە سبەی دژی خانەنشینكردنی پەرلەمانتارانی كوردستان لە شاری هەولێر خۆپێشاندان بكرێت و یەكێك لە ڕێكخەرانی خۆپێشاندانەكە دەڵێت، بەهۆی خۆپێشاندانەوە جارێك پەرلەمانتاران پەشیمان بوونەتەوە لە وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی.

ئەمڕۆ دووشەم 21ـی ئایار، سیروان گەردی چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سبەی سێشەم ۲۲/٥/۲٠۱۸ سەعات 11 لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان گردبووبەوەیەك رێك دەخەین لە سەر دواخستن و پەسند نەكردنی یاسای خانەنشینی.

ئەو چالاكوانە دەڵێت، لە خۆپێشاندان و فشارەكانی پێشوو پەرلەمانتاران پەشیمان بوونەوە لە خانەنشینی بوونیان، بۆیە پێویستە پەرلەمانتاران پابەندی ئەوە بن و دوای تەواوبوونی كاری پەرلەمانتاری بگەڕێنەوە سەر پیشە كۆنەكانیان.

گەردی زیاتر گوتی، ئەگەر كار بەیاسای خانەنیشنی عێراق بكەن نابێت بڕە پارەیەكی زۆر بۆ خانەنشینییەكەیان دابنرێت بەڵكو پێویستە مووچەیەكی ئاسایی بێت.

لەماوەی ڕابردوو جارێك یاسای چاكسازی خانەنشینی پەسەند كرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی لە خانەنشینی پەرلەمانتاران جارێكی تر ئەو پڕۆژە یاسایە لە پەرلەمانی كوردستان خرایەوە گفتوگۆ.



وشە - رامیار جەواد