پارتی لەبارەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار ڕوونكردنەوە دەدات

:: PM:10:22:21/05/2018 ‌
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، هیچ كەسێك بۆ پۆستە سیادییەكانی عێراق لەلایەن پارتییەوە دیاری نەكراوە.

ماوەی چەند ڕۆژێكە دەنگۆی ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان چەند كەسێكی وەك كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق دیاری كردووە، بەڵام ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 21ی ئایار/ مایۆ، عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە كە پارتی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دیاری كردبێت و " لەناو پارتی هیچ گفتوگۆیەك لەوبارەیەوە نەكراوە".

زیاتر گوتی، لای پارتی پۆست هیچ گرنییەكی نییە، پارتی پۆستی ناوێت ئەگەر بزانێت مافەكانی كورد نادرێت و دەستوور جێبەجێ‌ ناكرێت، بۆیە لای پارتی دەستكەوتی زیاتر لەپێش وەرگرتنی هەر پۆستێكەوەیە كە باس دەكرێت.

لەبارەی ئەوەی كە پارتی لەنێوان پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كامەی لەبەرژەوەندی كورد دەبینی، ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی گوتی، تەنیا جێبەجێ‌ كردنی مافەكانی گەلی كورد گرنگی هەیە.

لێدوانەكەی ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی لە كاتێكدایە كە بڕیارە شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق سەردانی بەغدا بكەن، ئەوەیش دوابەدوای ئەوەی كە پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران زۆرینەی كورسییەكانی كوردستانی بەدەست هێنا و بە جیاوازی زۆر لە پلەی یەكەمدابوو.

لە دوای پێكهێنانەوەی  حكوومەتی عێراق لە 2005 و پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی، پۆستی سەركۆماری عێراقی پێ درا و ماوەی دوو خول لەو پۆستە مایەوە، دواتر فوئاد مەعسووم پۆستەكەی پێ درا، یەكێتی ئێستە دەیەوێ هەمان پۆست وەربگرێتەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە پارتی و زۆرێك لە لایەنە سیاسییەكان لەو بڕوایەن كە بەهۆی تێپەڕینی ژمارەیەك بڕیار دژی كوردستان لە پەرلەمانی عێراقەوە، باشترە كورد پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێ، نەك سەركۆماری عێراق.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم