بەرپرسێكی یەكێتی: بێ پارتی هیچمان پێ ناكرێ

:: AM:09:23:22/05/2018 ‌
بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای كرد، گفتوگۆ لە نێوان پارتی و یەكێتی دەستی پێ كردووە، بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن بەر لە چوونەوەی كورد بۆ بەغدا بە لیستێكی یەكگرتوو و دیاریكردنی كەسێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركۆماری عێراق.

ڕەشاد گەڵاڵی بەرپرسی كۆمیتەی مەخمووری یەكێتی بە پێگەی "بغداد الیوم"ی ڕاگەیاندووە، گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی پێ كردووە بۆ دیاریكردنی كەسێك تا پۆستی سەركۆماری نوێی عێراق وەربگرێ، هەردوولایش سوورین لەسەر ئەوەی بەیەكەوە و یەكهەڵوێستی بۆ بەغدا بگەڕێینەوە و لە ناوخۆی كوردستان بگەینە ڕێككەوتن، ئینجا بچینە بەغدا.

زیاتر گوتی، هەردوو حزبەكە كار بۆ ڕێككەوتن بەشێوەیەكی سەرەتای لە ناوخۆی كوردستان دەكەن، دواتر گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی تری عێراق دەكەن. دووپاتی كردەوە، یەكێتی بێ پارتی ناتوانێ ناوی هیچ كەسێك بۆ سەرۆكایەتی كۆمار دیاری بكات و دەبێ ئەو كەسەی پۆستی سەركۆمار وەردەگرێ، ڕەزامەندی پارتی دیموكراتی كوردستانی لەسەر بێت.

ئەو قسانەی یەكێتی لە كاتێكدایە لە ڕاپۆرتێكی ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی سەباحی عێراقی هاتووە، كە باڵی بنەماڵەی یەكێتی لەتیف ڕەشیدی مێردی شاناز برایم ئەحمەد و ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركۆماری عێراق كاندید دەكەن، لەلایەكی ترەوەیش باڵەكانی تری یەكێتی، عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبەكە بە باشترین كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركۆماری عێراق ناو دەبەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د