ئەنچیلۆتی راهێنەرایەتی یانەیەكی خولی ئیتاڵیا وەردەگرێ

:: AM:11:12:22/05/2018 ‌

یانەی ناپۆلی ئیتاڵی تاڕادەیەكی زۆر لە گرێبەستكردن لەگەڵ كارلۆ ئەنچیلۆتی وەك راهێنەری نوێ یانەكەیان نزیك بووەتەوە دوای ئەوەی ماوریسیۆ ساری بڕیاری جێهێشتنی یانەكەی دا.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: كارلۆ ئەنچیلۆتی نزیك بووەتەوە بۆ وەرزی داهاتوو لە شوێنی ساری ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ناپۆلی وەربگرێ.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: ئەنچیلۆتی پێیوایە وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەی یانەی دووەمی خول ئیتاڵیا باشترین بژاردە دەبێت دوای دەركردنی لە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی بایرن میونشن لە سەرەتای ئەم وەرزەدا بەهۆی ئەنجامە خراپەكانەوە.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە لەچەند سەعاتی داهاتوودا یانەی ناپۆلی بەفەرمی گرێبەستكردن لەگەڵ ئەنچیلۆتی رادەگەیەنێ و كاری سەرەكیشی لە وەرزی داهاتوو برێتی دەبێت لە ركابەریكردنی بەدەستهێنانی خولی ئیتاڵیا و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

پێشبینی دەكرێ ماوریسیۆ ساری راهێنەری ئێستای یانەی ناپۆلی بۆ وەرزی داهاتوو ئەركی راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی ئینگلیزی وەربگرێ لە شوێنی ئەنتۆنیۆ كۆنتی كە نزیكە ریزی یانەكە جێبێڵێ هەرچەندە رۆژی شەمووی رابردوو لە یاریی كۆتاییدا لە یانەی مانچستەر یونایتدی بردەوە و جامی یەكەتیی ئینگلیزی بەدەستهێنا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م