لە پاكستان شەپۆلی گەرما 65 كەسی كوشت

:: AM:11:23:22/05/2018 ‌


شەپۆلێكی گەرما رووی لە پاكستان كردووە و بەهۆیەوە لە ماوەی 72 سەعاتدا لە كەراچی پاكستان سەرووی 65 كەسی كوشتووە.

زۆربەی ئەو كەسانەی مردوون هۆكاری مردنەكەیان كێشەی هەناسەدان بووە، چونكە كاتێك رادەی شێ لەگەڵ پلەكانی گەرما بەرز دەبێتەوە، كێشە بۆ هەناسەی مرۆڤ دروست دەكات.

لە چەند رۆژی رابردوو بەرزترین پلەی گەرمی لە كەراچی 44 راگەیەنراوە، بەڵام رێژەی شێ سەرووی 50%ە و ساڵانە بە سەدان كەس لە خەڵكی كەراچی بەم هۆیەوە گیان لە دەست دەدەن.

ئەم شارەی پاكستان كێشەی كارەبای هەیە و هەموو كەسێك ناتوانێت سوود لە وزەی كارەبا وەربگرێت، بۆیە دەبێت تەحەمولی گەرمای لە رادەبەدەر بكەن.

سێ ساڵ لەمەوبەریش لە كەراچی لانی كەم دوو هەزار كەس بەهۆی بەرزیی پلەكانی گەرمی مردن و سەرووی سێ هەزار كەسیش رەوانەی نەخۆشخانەكان كران.

چاودێرانی تەندروستی لە پاكستان دەڵێن یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی بەرزیی ژمارەی قوربانییەكان بۆ كەمیی كارەبا دەگەڕێتەوە و ئەگەر خەڵك كارەبایان لەسەر نەبڕێت، ئەوا ژمارەی قوربانییەكان زۆر كەمتر دەبێتەوە.

سەرچاوە/ئیرنا



وشە - سلێمان تاشان