ململانێكانی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن یەكلا دەبنەوە

:: AM:11:24:22/05/2018 ‌



ئەگەرچی رۆژانە لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن كۆ دەبێتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە موقتەدا سەدر دەیەوێت ئاراستەی حكوومەتی داهاتوو چۆن بێت بە تایبەت دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح.

لەپاش راگەیاندنی ئەنجامە بەرایییەكان و راگەیاندنی ئەنجامی كۆتا لە رۆژی شەموو 19ی ئایار، موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون بە بەردەوام لە كۆبوونەوە و پێوەندیدایە لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

لەم ماوەیەدا سەدر لەگەڵ عەبادی و حەكیم و چەندان سەركردەی تر كۆ بووەتەوە و پێوەندی بەستووە، بەڵام هیچ هەنگاوێكی سەرەتاییش نەنراوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.

سەدر دوای دەرچوونی بە پلەی یەكەم لە هەڵبژاردن كە 54 كورسیی هێناوە، هەرزوو ڤیتۆی لەسەر نووری مالیكی سەركردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح كرد، بەڵام دەركەوتنی سەدر لەگەڵ هادی عامری شەوی رابردوو هەموو لایەنەكانی تووشی شۆك كرد.

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ عامری، نووسینگەی سەدر لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی كۆبوونەوەكە ئاماژەی بەوە دا كە هەردوولا باسیان لە دەرئەنجامی هەڵبژاردن كردووە، هەروەها باسی پێشوەچوونەكانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق كراوە.

موقتەدا سەدر داوای كردووە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكوومەتێك كە دەرگای بە رووی هەموو هێزەكاندا كراوە بێت و بتوانێ خزمەتگوزاری پێشكەشی خەڵك بكات. گوتی "زۆر گرنگە بڕیاری پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی بڕیارێكی نیشتمانی عێراقی بێت بە بەشداری هەموو هێزە براوەكانی پەرلەمان".

جێی باسە رۆژی شەمووی رابردوو كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتای هەڵبژاردنی راگەیاند كە هاوپەیمانی سائیروون بە بەدەستهێنانی 54 كورسی پلەی یەكەمی گرت. هاوپەیمانیەتییەكە پێكهاتووە لە رەوتی سەدر، شیوعییەكان و هێزی مەدەنی كە رەوتی سەدر تێیدا بەهێزترینیانە بە سەركردایەتی موقتەدا, هەر دوای راگەیاندنی ئەنجامەكەش سەدر دەستی بەجموجۆڵ كردووە بۆ پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی ناو پەرلەمان كە بەپێی دەستوور گەورەترین هاوپەیمانی ناو پەرلەمان بۆی هەیە حكوومەت پێك بهێنێت.

سەركردەیەكی هاوپەیمانی سائیروون لەبارەی كۆبوونەوەی سەدر لەگەڵ سەركردە سیاسییەكان لەوانەش هادی عامری، دەڵێ ئەوە بەمانای ئەوە نایەت هاوپەیمانی لەگەڵ رادەگەیەنێت، بەڵكو موقتەدا سەدر دەیەوێت گوێ لە هەمووان بگرێت پێش ئەوەی ئاراستەی پێكهێنانی حكوومەت دەستنیشان بكات.

ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی سائیروون كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، ئەوە دەخاتە ڕوو كە بەستنی هاوپەیمانی لە نێوان سائیروون و  فەتح "كارێكی ئاسان نییە" بەهۆی هەبوونی ناكۆكیی گەورە و قووڵ لە نێوان هەردوولا و ئاراستەی بیركردنەوەیان بەتایبەت لە نێوان سائیروون و هەندێك گرووپی میلیشیای ناو فەتح.

ئەوەشی بەدوور زانی كە سەدرییەكان و شیوعییەكان قبووڵی ئەو هەوڵانە بكەن بۆ زیندووكردنەوەی هاوپەیمانیەتییەكان لەسەر بنەمای تایفەگەرایی، گوتی "حكوومەتی داهاتوو پێوەستە بە بەستنی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ كورد و سوننەكان، بۆیە پرسەكە تەنیا لەسەر شیعەكان كورت نەكراوەتەوە كە دەبێت حكوومەت پێك بهێنن".

ئەو سەركردەیەی رەوتی سەدر دووپاتی لەوە كردەوە تا ئێستە نزیكترین لایەن بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی لەگەڵیدا هێشتا هاوپەیمانی نەسڕە بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، بەڵام  هێشتا رێككەوتنی كۆتای لەگەڵ نەسڕ نەكراوە و هەموو ئەگەرەكانیش كراوەن، چونكە دواجار گۆڕانكارییەكان لەسەر هەڵوێست و بۆچوونەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت.

جێی باسە رەوتی حیكمە كە عەماڕ حەكیم سەركردایەتی دەكات كە هاوكات سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكانە كە حكوومەتی عێراقیان پێكهێناوە، شەوی رابردوو قسەی لەسەر پێكهێنانەوەی هاوپەیمانیەتییەكی نوێی شیعەكان كرد. محەمەد ئەلمیاحی گوتەبێژ بەناوی رەوتی حیكمە گوتی، "سەعاتەكانی داهاتوو هاوپەیمانیەتییەكی نوێ لە نێوان سائیروون و نەسڕ و حیكمە و فەتح رادەگەیەنرێت".

پێ دەچێ هەوڵەكانی موقتەدا سەدر رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووبێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی هاوپەیمانی فەتح ئاشكرای كرد كە پێوەندییان لە چەندان لایەنی "گرنگ" كردووە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەكی فراوان.

عامر حوسێن پەرلەمانتاری عێراق لە هاوپەیمانی فەتح ئاشكرای كرد كە هاوپەیمانیەتییەكەیان لەگەڵ هاوپەیمانی حیكمە و نەسڕ و دەوڵەتی یاسا لەماوەی 24 سەعاتی رابردوودا پێوەندییان پێوە كراوە و بیروڕا لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەكی گەورە كراوە.

عامر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا كە هاوپەیمانی فەتح لە پێوەندییەكانی بەردەوام دەبێت لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی تریش بۆ پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمان، گوتی "گفتوگۆكان بەردەوامن تا دەمی راگەیاندنی لیستە نوێیەكە".

جێی باسە بەپێی ئەنجامی كۆتا كە كۆمسیۆن رای گەیاندووە، هاوپەیمانی سائیروون 54 كورسی هەیە و بەدوای ئەویشدا هاوپەیمانی فەتح دێت بە 47 كورسی و دواتریش هاوپەیمانی نەسڕ بە 42 كورسی.



وشە - فه‌رمان سادق