كۆمسیۆن سێ‌ ڕۆژ مۆڵەت بە حزبەكان دەدات

:: PM:03:25:22/05/2018 ‌
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، كۆمەڵەێك پێڕەو پەسەند دەكات و ئاگەداری حزبەكان دەكاتەوە كە تەنیا سێ‌ ڕۆژیان لە پێشە كە تانەیان هەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم 22ـی ئایار، لە ڕاگەیەنراوێكی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هاتووە، بەبڕیاری ژمارە (9) كۆنووسی ئاسایی ژمارە (9) لە (14/5/2018)، ئەم پێڕەوانەی پەسەند كردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

دەقی ئەو پێڕەوانەی پەسەند كراون:

1-پێڕەوی ژمارە (1)ی ساڵی (2018) - ئامادەكردن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و خستنەڕووی تانەكان.

2-پێڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی (2018) - پەسەندكردنی قەوارە و هاوپەیمانییە سیاسییەكان.
 
3-پێڕەوی ژمارە (3)ی ساڵی (2018) – سكاڵا و تانەكان.

4-ژمارە (4)ی ساڵی (2018) - بریكارانی قەوارە سیاسییەكان.

5-پێڕەوی ژمارە (5)ی ساڵی (2018) -چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.

6-پێڕەوی ژمارە (6)ی ساڵی (2018) - هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن.

7-پێڕەوی ژمارە (7)ی ساڵی (2018) - پەسندكردنی لیستی پاڵێوراوان.

8-پێڕەوی ژمارە (8)ی ساڵی (2018) - ئامرازەكانی ڕاگەیاندن. 

9-ڕێساكانی ڕەفتاركردنی چاودێران.

10-بنەماكانی ڕەفتاری قەوارە سیاسییەكان.

لە كۆتای ڕاگەیەنراوەكەی كۆمسیۆن هاتووە، هەركەس و لایەنێك تانەی هەیە لەم پێڕەوانە، دەتوانێت لە ماوەی (3) ڕۆژ پاش بەرواری بڵاوبوونەوەی ئەم ئاگادارییە، ئاراستەی بكات.

ڕۆژی هەشتی ئایار/مایۆ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە، پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێك دێ، 11 كورسی بۆ پێكهاتە نەتەوەیییەكانی كوردستان دیاری كراوە و لە 19ی ئایار/مایۆی 1992 هەڵبژاردنی خولی یەكەم ئەنجام درا، لە 2005 و 2009 و 2013 خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمان هاتنە هەڵبژاردن.
رامیار 



وشە - رامیار جەواد