به‌هۆی پشتگیریكردنی سعوودیه له بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ بۆ ده‌رچوون له ڕێككه‌وتنی ئێران بووه‌ته هۆی زیادبوونی شه‌ڕانگێزی ئێران و كاریگه‌ری بۆ سه‌ر ئاسایشی شانشینی سعوودیه داناوه، هه‌روه‌ها یه‌مه‌ن یه‌كه‌م شوێن ده‌بێت ئێران هێزی سه‌ربازی تێیدا نیشان بدات وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌ك هێرش بكاته سه‌ر سعوودیه.
ڕاپۆرتێك له پێگه‌ی
nationalinterest بڵاو كراوه‌ته‌وه و تێیدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، دوای بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ له هه‌شتی ئایار بۆ ده‌رچوونی ئه‌مه‌ریكا له ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران، زۆر له وڵاتان به‌رهه‌ڵستییان كرد و ڕه‌تیان كرده‌وه وه‌ك وڵاتانی ئه‌وروپا، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره‌ی تره‌مپ له‌لایه‌ن سعوودیه‌وه پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێ كرا، هه‌ربۆیه دوای ئه‌وه‌ی تره‌مپ بڕیاره‌كه‌ی ڕاگه‌یاند وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه پشتگیری خۆی بۆ بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ ڕاگه‌یاند و داوای كرد سزاكان له‌لایه‌ن واشنتنه‌وه بۆ سه‌ر ئێران توندتر بكرێن.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی شانشینی سعوودیه كێشه‌و ئاڵۆزی هه‌رێمی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا هه‌یه، بۆیه پشتگیرییه‌كه‌ی بۆ بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ كارێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو به‌ڵام ئه‌م پشتگیرییه‌ی نێوان سعوودیه و ئه‌مه‌ریكا درێژه ناكێشێ به‌هۆی ئه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی تره‌مپ جێی بڕوا نین و ئه‌گه‌ری هه‌یه پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سعوودیه و هاپه‌یمانانی له هه‌ر كاتێكدا بپچڕێنێت و ده‌كرێت ئێران هان بدات بۆ ئه‌نجامدانی سیاسه‌تی تێكده‌رانه و هه‌ڕه‌شه‌كردن له باری ته‌ناهی و ئاسایشی سعوودیه و بێهێزكردنی كاریگه‌رییه هه‌رێمییه‌كانی بۆ سه‌ر ناوچه‌كه.
هاوكات گه‌وره‌ترین ترسی سعوودیه ئه‌وه‌یه كه ده‌رچوونی ئه‌مه‌ریكا له ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی كار بكاته سه‌ر بێهێزكردنی هاوئاهه‌نگییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی هاوئاهه‌نگی وڵاتانی كه‌نداو كه به(GCC) ناسراوه، به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ته‌نگژه‌ی قه‌ته‌ڕه‌وه له حوزه‌یرانی ساڵی 2017 ئه‌نجوومه‌نی هاوئاهه‌نگی كه‌نداو بۆ دوو به‌ره دابه‌ش بوون له‌سه‌ر ئاستی قبووڵكردنی كاركردنیان له‌گه‌ڵ ئێران، كه وڵاتانی به‌حرێن و سعوودیه و وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی هاوڕا بوون بۆ دووركه‌وتنه‌وه له كاركردن له‌گه‌ڵ ئێران و بڕوایان وایه ئێران سه‌رچاوه‌ی ناسه‌قامگیرییه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام وڵاتانی كوێت و عومان ترسه‌كانی سعوودیه‌یان ڕه‌ت كرده‌وه و بڕوایان وایه كه كاركردن و بازرگانیكردن له‌گه‌ڵ ئێران سوودی بۆ سه‌قامگیری هه‌رێمه‌كه ده‌بێت.
دوای ئه‌وه‌ی سعوودیه بۆی ده‌ركه‌وت كوێت له هه‌وڵدایه بۆ نزیككردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان قه‌ته‌ڕ و ئێران به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی هاوپه‌یمانی، بۆیه سعوودیه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك سه‌ركۆنه‌ی حكوومه‌تی ئێرانی كرد و دڵنیا بووه‌وه كه ئامانجی ئێران دروستكردنی ناسه‌قامگیری سیاسییه له ناوچه‌كه و به‌تایبه‌ت له عێراق به‌رپا بكات، هاوكات ده‌رچوونی ئه‌مه‌ریكا له ڕێككه‌وتنی ناوكیی ئێران هیوایه‌كی بۆ سعوودیه گه‌ڕانده‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی واشنتن ده‌توانێت فشار بخاته سه‌ر كوێت و عه‌مان به‌مه‌به‌ستی پچڕانی پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران، له‌وكاته‌ی كه سعوودیه سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا وه‌ك گێڕانه‌وه و به‌هێزكردنی پێگه‌كه‌ی له ئه‌نجوومه‌نی هاوئاهه‌نگی وڵاتانی كه‌نداو ببینێت، به‌ڵام خواسته‌كانی سعوودیه له‌م خاڵه كۆتای پێ هات كه كوێت و عه‌مان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژه هاوپه‌یمانییه‌كی به‌هێزی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكان و ئه‌مه‌یش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌ردوو وڵات ده‌توانن دوور بكه‌ونه‌وه له سزاكان بۆ بازرگانیكردنیان له‌گه‌ڵ ئێران و پشت به ئه‌مه‌ریكا ببه‌ستن له‌باره‌ی زیادبوونی فشاره‌كانی سعوودیه بۆ سه‌ریان.
ئه‌مه‌یش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌گه‌ر كوێت و عه‌مان ڕه‌تیان كرده‌وه سه‌ردانه‌وێنن بۆ فشاره‌كانی سعوودیه ئه‌وا بۆشایی ڕێككه‌وتنی دوولایه‌نه‌ی GCC زیاد ده‌بێت و ئه‌م دابه‌شبوونه‌یش وا ده‌كات كاریگه‌ریGCC وه‌ك ڕێكخراوێك بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه نه‌هێڵێت، هاوكات ڕێككه‌وتنی ئاسایشی به‌م دواییه‌ی نێوان وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی و شانشینی سعوودیه بۆ دوورگه‌ی سكۆتڕای یه‌مه‌نی كه له‌لایه‌ن وڵاتانی كه‌نداو داگیر كرابوو به‌ته‌واوی كاریگه‌ری سعوودیه له ڕێككه‌وتنی GCC كه‌م كردووه‌ته‌وه، هاوكات به‌هۆی ئه‌و لێكترازانه‌ی نێوان لایه‌نه‌كان ڕیاز به‌ته‌واوی جیا كراوه‌ته‌وه له ڕووی كاریگه‌رییه دیپلۆماسیه‌كانییه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و داواكردنی ئێران بۆ ڕزگاركردنی ڕێككه‌وتنه‌كه كاریگه‌رییه‌كی زۆری كردووه‌ته سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری و جیۆسیاسی سعوودیه، هاوكات له‌و كاته‌ی واشنتن سیاسه‌تی به‌رانبه‌ر ئێران گۆڕیوه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و پارێزگایانه هه‌بووه كه پشتگیری له مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ده‌كه‌ن و به‌م دواییانه‌یش كاریگه‌رییه‌كه زیاتر بووه، بۆیه ئه‌مه‌یش وای كردووه عه‌لی خامه‌نه‌یی سه‌ركرده‌ی حكوومه‌تی ئێران تووڕه بكات و بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له خۆپێشاندانی سه‌رانسه‌ری بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی له مانگی دیسێمبه‌ری ڕووی دا، هاوكات ئه‌م زیادبوونه‌ی هه‌ستی شه‌ڕانگێزییه‌ی حكوومه‌تی ئێران كاریگه‌ریییه‌كی زۆری كردووه‌ته سه‌ر سه‌قامگیری سعوودیه به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌مه‌ن یه‌كه‌م شوێن ده‌بێت كه ئێران هێزی سه‌ربازی خۆی لێوه نیشان بدات، هه‌ر له‌دوای ڕاگه‌یاندنی بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ بۆ ده‌رچوونی ئه‌مه‌ریكا له ڕێككه‌وتنی ئێران گرووپی حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن كه تاران پشتگیری‌یان لێوه ده‌كات مووشه‌كیان ئاڕاسته‌ی ڕیاز كرد، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزی سه‌ربازی سعوودیه پووچه‌ڵ كرانه‌وه، ئه‌مه‌یش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه پشتگیرییه‌كه‌ی سعوودیه بۆ ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه به توندی كاردانه‌وه‌ی هه‌بوو و هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی دا.