زۆربه‌ی جار بیستوومانه كه‌سانێك هه‌ن له نه‌خۆشخانه‌كان كاری "توێكاری" ده‌كه‌ن له‌سه‌ر جه‌سته‌ی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و هه‌ندێك جاریش له سه‌ر ڕووه‌كه‌كان، به‌ڵام تا ئێسته به‌شێوه‌یه‌كى ورد مه‌به‌ست و زانیارى له‌سه‌ر توێكارى ڕوون نه‌كراوه‌ته‌وه.
توێكاری به ئینگلیزی (Anatomy) به‌شێكه له زانستی ژیناسی (زینه‌وه‌رناسی) كه ده‌پڕژێته سه‌ر لێكدانه‌وه و ناسینی پێكهاته‌كانی له‌شی گیاندار و پێوه‌ندی نێوانیان.
توێكاری مرۆڤ، یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین لقه‌كانی پزیشكی كه بنه‌ڕه‌تی زانستی پزیشكییه.
كاری لێكدانه‌وه‌ی جه‌سته‌ی گیانه‌وه‌ران و چۆنییه‌تی پێوه‌ندی نێوانیان به لهشكۆڵی ئه‌نجام ده‌درێت. ژێر په‌له‌كانی ئه‌م زانسته دوو زانستی توێكاری گیانه‌وه‌ری و توێكاری ڕووهكییه. شرۆڤه‌یه‌كی باشتر بۆ توێكاری، بریتییه له ناسینی به‌شه جۆراوجۆره‌كانی له‌ش و پێوه‌ندی پێكهاته‌یی نێوانیان.
بۆیه‌كه‌م جار وانه‌ی توێكاری. دكتۆر (Nicolaes Tulp)ی رامبڕانت - ئامستردام له ساڵی ١٦٣٢ی زایینی ئه‌نجامیدا. توێكاری زیاتر بۆ ئه‌وكه‌سانه ده‌كرێت كه مردوون به ڕووداوی جۆراوجۆر كه له‌لایه‌ن دادگاكان و پۆلیسه‌وه ڕه‌وانه كراون.
له‌م ڕاپۆرته‌دا تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر كاره‌كانی توێكارهی پزیشكی دادی به شێوه‌یه‌كی گشتی.
یه‌كه‌م/ بۆ چ مه‌به‌ستێك توێكاری ئه‌نجام ده‌درێت؟
بۆ مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر حاڵه‌تی مردنه‌كان و هه‌ندێك جاریش ناسینه‌وه‌ی مردووه‌كان تا له‌دوای لێكۆڵینه‌وه‌كان ڕاده‌ستی كه‌سوكاریان بكرێته‌وه به‌مه‌به‌ستی به‌خاك سپاردنیان.
دووه‌م/ جۆری مردنه‌كان كه ده‌یهێننه لای كه‌سی توێكار چین و زۆرترینیان كامانه‌ن؟
ئه‌وانه‌ن كه پێیان ده‌وترێت (پۆلیس كه‌یس) واته ڕوداوه‌كانی وه‌ك (هاتوچۆ، جه‌ڵته، جۆره جیاوازه‌كانی نه‌خۆشی، فیشه‌ك، سووتاوی، خنكان) ده‌هێنرێن و به‌شێكی زۆریان حاڵه‌ته‌كانى ڕووداوی هاتوچۆن و هه‌ندێكی تریان سووتاوی و كوشتنیش له‌دوای ئه‌وان دێت، ژنان لهسوتاویدا پشكی زۆریان به‌رده‌كه‌وێت. له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا مردووی نه‌ناسراو هه‌یه، به‌ڵام زۆرترینیان كه نه‌ناسرێنه‌وه له‌وانه‌ن كه‌تووشی ڕووداوه‌كانی سووتان هاتوون.
سێیه‌م/ توێكاری ته‌رم چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر كه‌سی توێكار دروست ده‌كات؟
كه‌سانی توێكار هێنده له‌گه‌ڵ كاره‌كانیاندا ده‌ست و په‌نجه‌یان نه‌رمكردووه، ئیتر دیمه‌نی حاڵه‌ته‌كانی مردن هیچ كاریگه‌رییه‌كیان له‌سه‌ر نامێنێت، له ماوه‌ی كاركردنیشیاندا وه‌ك توێكارێك جار جار تووشی حاڵه‌تی گریان ده‌بن.
چواره‌م/ به چی میكانیزمێك توێكارییه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن؟
هه‌موو جه‌سته‌یه‌ك فۆرمێكی پۆلیسی پێوه ده‌كرێت، ئه‌ویش له‌سه‌ر داوای دادوه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌یان ده‌ستكه‌وێت كه له‌سه‌ر جه‌سته‌ی مردووه‌كه هه‌یانه بۆ كاتی لێكۆڵینه‌وه و ده‌رخستنی ڕاستیی ڕووداوه‌كان، لێره توێكار پزیشكی له‌گه‌ڵدایه و سه‌رپه‌رشتیاری كاری توێكاریهكانی ئه‌وان ده‌كات، ئاسایی جه‌سته‌كه ده‌كه‌نه‌وه و پزیشكه‌كه سه‌یری ناوسكی مردووه‌كه ده‌كات و دواتر پارچه‌كانی ناو جه‌سته‌كه ده‌خرێته‌وه شوێنی خۆی به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و پاشان ڕاده‌ستی كه‌سوكاریان ده‌كرێته‌وه.
پێنجه‌م/ ئه‌و ته‌رمانه‌ی كه خاوه‌نیان نیه یا نه‌ناسراون چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت؟
ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی نه‌بێت ده‌خرێته ناو سه‌لاجه‌وه و به‌نزیكیی بۆ ماوه‌ی دوو مانگ ده‌هێڵدرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا خاوه‌نی مردووه‌كه بدۆزرێته‌وه، ئه‌گه‌ر بێ ئه‌نجام بوو دوای ئه‌و ماوه‌یه له‌لایه‌ن ( به‌ڵێنده‌ری ته‌رم) ه‌وه له شاره‌وانی شاره‌كه و به‌گوێره‌ی ڕێوڕه‌سمه‌كانی ئایینی ئه‌و وڵاته جه‌سته‌كه ده‌شۆردرێت و كفن ده‌كرێت و ده‌نێژرێت، به‌جۆرێك ده‌ستنیشان ده‌كرێن كه پێویست بوو هه‌ڵبدرێته‌وه ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ ئه‌و ته‌رمه ده‌رده‌هێنرێته‌وه بۆ جارێكی تر ئه‌مه‌ش هه‌ر به فه‌رمانی دادوه‌ر ده‌بێت، بۆیه له‌كاتی ناشتنی ئه‌و ته‌رمانه‌دا ناونیشان و زانیاریه‌كانی مردووه‌كه لهشوشهیهكدا لای سه‌رووی ته‌رمه‌كه‌وه جێگیر ده‌كرێت.
شه‌شه‌م/ توێكاری پۆلێن ده‌كرێت و چه‌ند جۆره؟
توێكاری له ڕوانگه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه پۆلێن ده‌كرێ له ڕوانگه‌ی ڕوانین و به‌كارهێنانی ئامێری یاریده‌ره‌وه به دوو به‌شی توێكاری ماكرۆسكۆپی و توێكاری میكرۆسكۆپی دابه‌ش ده‌بێت. توێكاری میكرۆسكۆپی خۆی به دوو لقی شانه‌ناسی و تۆلناسی دابه‌ش ده‌بێت.
جۆرێكی تر له پۆلێن، له سه‌ر بنه‌مای پاژ و هێمانهكانی توێكارییه به زمانێكی ساده‌تر ھێمانهكانی توێكاری بریتین له: ئێسك، جومگه، ماسوولكه و ھه‌ناو؛ كه‌واته توێكاری به چوار به‌شی ئێسك ناسی، جومگه‌ناسی، ماسوولكهناسی و ھه‌ناوناسی دابه‌ش ده‌بێ.
به جۆرێك ھه‌ناو بریتییه له: كۆئه‌ندامی ده‌مار، كۆئه‌ندامی خوێن سووڕان، كۆئه‌ندامی ھه‌رس، كۆئه‌ندامی ھه‌ناسه، كۆئه‌ندامی زاوزێ، كۆئه‌ندامی میز و كۆئه‌ندامی لیمفی.