كۆمسیۆنی هەڵبژاردن تا چەند لە ئەركەكانیدا سەركەوتوو بوو؟

:: PM:08:01:22/05/2018 ‌

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئەم مانگە لەناو بەشدارییەكی لاوازی دەنگدەران بەڕێوە چوو كە رێژەی بەشداریكردن لە سەرانسەری عێراق 44.52% بوو، جیا لەوە چەندان كێشە هاتنە بەردەم پرۆسەكە لە تەكنیكی و ساختەكاری و بەمەبەست، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەیان سكاڵای لەلایەن قەوارە بەشدارەكان بەدەست گەیشت، ئەوەی گرنگە كۆمسیۆن تا چەند سەركەوتوو بوو لە ئەركەكەی و سكاڵاكان تا چەند گەیشتوونەتە ناو كۆمسیۆن؟.

هۆگر چەتۆ رێكخەری تۆڕی (شەمش) بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان لەو بارەوە بۆ (وشە) روونی كردەوە، وەك تۆڕەكەمان بە بەردەوامی پێوانەكاری دەكەین بەپێی ئەو رێوشوێنانەی دانراوە و لەسەر بنەمای ئەوە هەڵسەنگاندن بۆ كۆمسیۆن و كارەكانی دەكەین، پێمان وایە ئەزموونی ئەوجارەی هەڵبژاردنی پێ ئەنجام دراوە، هەوڵێكی گەورەیە بۆ بنیاتنانی داتابەیسێكی راست لای كۆمسیۆن و بەشەكەی تری پێوەندی بە چۆنیەتی پاكڕاگرتنی پرۆسەكەوە هەیە، بەتایبەتی ئەوەی پێوەست بە بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیا، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە پرۆسەكە بێخەوش بەڕێوە چووە، ئێمە چاودێریمان كردووە و كێشە هەبووە.

زیاتر گوتی، ئێمە لە راپۆرتی خۆمان لەبارەی سەرپێچی و پێشێلكارییەكان لە سەرانسەری عێراق بڵاو كردەوە و كێشەكانمان هەڵسەنگاندووە، كە ئەوەش بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ بەشێكە لە هەڵسەنگاندنی كۆمسیۆن و كارەكانی، ئەگەرچی تا تەواوبوونی پرۆسەكە و راگەیاندنی ئەنجامەكان كۆمسیۆن هەر لە هەڵسەنگاندندا دەمێنێتەوە.

چەتۆ روونی كردەوە، پاڵەپەستۆكان بۆ سەر كۆمسیۆن لەلایەن پارتە سیاسییەكانەوە لە دوو ئاست كاریگەریان بۆ سەر ئەو دەزگایەوە هەیە، یەكەم پێوەندی بە دانانی كارمەندان و ئەندامانی كۆمسیۆنەوە هەیە و دووەمیان پێوەندی بەو كارمەندانەن كە لە پرۆسەی هەڵبژاردن بەشدارن كە ژمارەیان زۆرە، ئەوانە بەیەكەوە دەبنە سەنگی مەحەك بۆ ئەوەی بگوترێت كە ئەو كۆمسیۆنە تا چەند بێلایەنانە كاری كردووە، ئێمە لە راپۆرتەكەمان باسمان كردووە كە بەشێك لە كارمەندانی كۆمسیۆن بێلایەن نەبوونە.

ئاماژەی كرد، تا ئێستە كۆمسیۆن هیچ ژمارەیەكی لەبارەی سكاڵاكان بڵاو نەكردووەتەوە و تەنیا دەڵێت لیژنەمان پێك هێناوە و تاوتوێی سكاڵاكان دەكەن، ئەوەشی هەیە ئێمە تۆمارمان كردووە و خۆمان بڵاومان كردووەتەوە كە چاودێرانی خۆمان رەوانەیان كردووە و ژمارەكەی 575 سەرپێچی و پیشێلكاریمان تۆمار كردووە، بەڵام كۆمسیۆن هیچی لەو بارەوە رانەگەیاند.

رێژەی بەشداری دەنگدەران لە رووی یاساییەوە هیچ كێشەی نەبوو كە یاسا رێژەی دیاری نەكردووە بۆ قبووڵ نەكردنی، تەنیا لە رووی مەعنەوی و سیاسییەوە بۆ عێراق واتای خۆی هەیە، وەك تۆڕی (شەمس) داوامان كردووە كە لە هەموو عێراق سامپڵێك وەربگیرێت و ژماردنی بەدەستی بۆ بكرێت بۆ دڵنیابوون لە راستی ژماردنی ئەلیكترۆنی و ئەوەی كراوە، هەروەها كۆمسیۆن تەواوی زانراییەكانمان پێ رابگەیەنێت بۆ دڵنیابوونەوە، نەورۆز وای گوت.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان سەرەتای ئەم هەفتەیە لەبارەی سكاڵاكانەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، كۆمسیۆن هەزار و 416 سكاڵای بەدەست گەیشتووە لەبارەی پێشێلكارییەكانی لەكاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە روویان داوە لەوانە هەزار و 250 پێشێلكاری لە دەنگدانی گشتی و 139 پێشێلكاری لە لە دەنگدانی تایبەت و 27 پێشێلكاری لە دەنگدانی دەرەوە.

ریاز بەدران سەرۆكی ئیدارەی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەو بارەوە روونی كردەوە، ژمارەی سكاڵا سوورەكان گەیشتووەتە 33 سكاڵا و سەوزەكانیش گەیشتوونەتە 423 و زەردەكانیش 960 سكاڵا، لەو كاتەی ژمارەی وێستگەكانی ئەنجامەكانیان هەڵوەشاوەتەوە 103 وێستگەیە.

تاریق حەرب شارەزای یاسایی عێراق لەو بارەوە بۆ (وشە) گوتی، كاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی پێشووی عێراق لەوەی ئێستە باشتر بوو، چونكە ئەوان كاریگەر نەدەبوون بە كەسایەتی و پارتە سیاسییەكانەوە، ئەو كۆمسیۆنە نوێیە دەیەوێت بۆ پێنج ساڵی داهاتوو بمێنێتەوە و پێویستە گوێبیستی كەسایەتی و پارتەكان بێت، بەڵام بەگشتی كارەكانیان تارادەیەك باشە.

زیاتر گوتی، ئەو كێشانەی لە كاتی دەنگدان رووی دا وەك كێشە تەكنیكییەكان و پەككەوتننی ئامێرەكانی دەنگدانی ئەڵیكترۆنی شتێكی رێ پێدراوە و یاسا بەتاوانی نازانێت و سزای بۆ دانانێت، لەو كاتەی دەچێتە ریزی هەڵە قبووڵكراوەكان كە رەنگە ئامێرەكان باش بووبوون، بەڵام كارمەندان نەیانتوانی وەك پێویست كاری لەسەر بكەن.

سكاڵاكان پێشكەشی ئەنجوومەنی كۆمسیاران دەكرێت و ئەگەر قبووڵ كرا ئەوە قەوارە دەتوانێت لە ماوەی سێ رۆژ لەبەردەم لیژنەی دادوەری هەڵبژاردن تانە لە ئەنجامەكان بدات كە رەنگە تانەكان قبووڵكراو نەبن و تەنیا قسە بن و هەندێكیان قبووڵكراون و هەڵە هەیە لە ژماردن، بەڵام داواكاری گەورە ناكرێت وەك پێكهێنانی حكوومەتی رزگاری نیشتیمانی، واتە لیژنەكە بڕیار دەدات و پێم وایە زۆرینەی سكاڵاكان رەت دەكرێنەوە. 

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئەم مانگە بە بەشداری 44.52%ی دەنگدەرانی عێراق، واتە لە كۆی زیاتر لە 24 ملیۆن دەنگدەر تەنیا 10 ملیۆن و 840 هەزار و 988 كەس دەنگیان داوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل