ئەمەریكا گفتوگۆ لەگەڵ سەدر دەكات

:: AM:08:37:23/05/2018 ‌
گەورە یاریدەدەرێكی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر و براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی عێراق ئاشكرای كرد، ئەمەریكا لە ڕێی ئەندامان و بەرپرسانی سەر بە ڕەوتی سەدر كەناڵی پێوەندی لەگەڵ ئێمە كردووەتەوە و دەیانەوێ لێمانەوە نزیك ببنەوە.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و بڵاوبوونەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، موقتەدا سەدر لە ڕێی سوپای مەهدییەوە جەنگی لە پارێزگاكانی باشووری عێراق دژ بە ئەمەریكا ڕاگەیاند، بۆیە بوو بە یەكێك لەو كەسانەی لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكا داواكراوە، بەڵام ئێستە ئەمەریكا شۆك بووە، چونكە لە دەرەوەی هەموو پێشبینییەكان موقتەدا سەدر و لیستەكەی زۆرترین دەنگیان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار/مایۆ بەدەستهێنا و بوون بە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن.

زیا‌ء ئەسەدی گەورە یاریدەدەری موقتەدا سەدر لەوبارەوە بۆ "ڕۆیتەرز" گوتی، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێمە و ئەمەریكییەكان نییە، بەڵام نێوەندگیر هەن بۆ كردنەوەی كەناڵی پێوەندی لە نێوان هاوپەیمانی سائیروون و ئەمەریكییەكان.

زیاتر گوتی، ئەمەریكا لە ڕێی ئەندامانی ئێمە و سیاسییەكانی سەر بە ڕەوتی سەدر پێوەندییان كردووە و  چەند پرسیارێكیان لەبارەی داهاتووی موقتەدا سەدر و هەڵوێستەكانی كردووە، بەتایبەت پرسیاریان لەوە كردەوە، ئەگەر موقتەدا سەدر و ڕەوتەكەی دەسەڵات بگرنە دەست، دەست دەكەن بە دروستكردنەوەی سوپای مەهدی و دووبارە ڕێكی دەخەنەوە؟ ئایا دەست بە هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەكەنەوە.

لەوبارەوە ئەسەدی گوتی، ئێمە بۆ چوارگۆشەی یەكەم ناگەڕێینەوە و هیچ كات نامانەوێ هێزێكی سەربازی نایاسایییمان هەبێ، جیا لە سوپا و پۆلیس و هێزە فەرمییەكان.

ئێستە ئەمەریكییەكان نزیكەی حەوت هەزار سەربازیان لە عێراق بڵاوكردووەتەوە، هەرچەندە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا دووپات لەوە دەكاتەوە تەنیا پێنج هەزار و 200 سەربازیان لە عێراق هەیە و ئەركیان مەشق و ڕاوێژ پێشكەش كردنە بە هێزەكانی عێراق.





وشە - باز ئه‌حمه‌د