شاندی یەكێتی گەیشتنە بەغدا

:: AM:09:26:23/05/2018 ‌

شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لیستە براوەكانی هەڵبژاردن لە عێراق گەیشتنە بەغدا و بڕیارە یەكەم دیداریشیان لەگەڵ موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر و سەرۆكی هاوپەیمانی سائیروون بێ.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان، شاندەكەی یەكێتی لە مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و ڕزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و فریاد ڕواندزی وەزیری ڕۆشنبیری و خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی پێكهاتوون.

بڕیارە شاندەكەی یەكێتی لەگەڵ دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەدر، لەگەڵ نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و عەماڕ حەكیم سەرۆكی لیستی حیكمە و ئوسامە نوجێفی سەرۆكی هاوپەیمانی قەرار كۆ ببنەوە و تاوتوێ پێكهێنانی هاوپەیمانی داهاتوو و دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان بكەن، بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق.

یەكێتی 18 كورسی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار/مایۆی 2018 لە پەرلەمانی عێراق بەدەستهێناوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە شەش حزبەكە كە خۆی لە گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و هاوپەیمانی و بزووتنەوە و شیوعی دەبینێتەوە، ئەو حزبە بە ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و هاككردنی سندووقی زیرەكی هەڵبژاردن تۆمەتبار دەكەن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د