ناوی راهێنەرە نوێیەكەی ئارسناڵ راگەیەنرا

:: AM:09:26:23/05/2018 ‌

ئۆنای ئێمری ئیسپانی ئاشكرای كرد كە بەفەرمی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی وەرگرتووە لە شوێنی ئارسین ڤینگەری راهێنەری فڕەنسی.

ئێمری لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نووسیویەتی "شانازی دەكەم بووم بە بەشێك لە خێزانی یانەی ئارسناڵ".

ئێمری لە كۆتایی ئەم وەرزەدا دەستی لە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی پاریس سان جێرمان هەڵگرت دوای ئەوەی لەماوەی دوو وەرزی
راهێنەرایەتی یانەكەدا ناسناوێكی خولی فڕەنسا و دوو جامی فڕەنسای بەدەستهێنابوو، بەڵام سەركەوتوو نەبوو لە بەدەستهێنانی ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كە هەر ئەمەش بووە هۆی دەركردنی لە یانەكەیدا.

ئێمری هەروەها كاتێك راهێنەری یانەی سڤیلییەی ئیسپانی بووە 3 ساڵ لەسەریەك جامی خولی ئەوروپای بەدەستهێناوە لەنێوان ساڵانی 2014 تا 2016.

لای خۆیەوە تۆڕی هەواڵی (بی بی سی)ی ئینگلیزی بڵاوی كردبووەوە: یانەی ئارسناڵ لەم هەفتەیەدا ئۆنای ئێمری وەك راهێنەری نوێی یانەكەی رادەگەیەنێ.

ئێمری لەگەڵ میكێل ئارتێتای یاریزانی پێشووی یانەكە و یاریدەری پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی پاڵێوراوی سەرەكی یانەی ئارسناڵ بوون، بەڵام بەشی هەرەزۆری بەرپرسانی یانەكە لە كۆتاییدا بڕیاریان لەسەر ئێمری داوە.

رەنگە كێشەی سەرەكی ئێمری لە راهێنەرایەتی یانەی ئارسناڵ بەربەستی زمانە بێت كە ئەو راهێنەرە ئینگلیزییەكی باش نازانێ، بەڵام ئەمە نابێتە گرفتێكی گەورە و رەتكردنەوەی لەلایەن بەرپرسانی یانەكەوە وەك راهێنەری نوێی تیپەكەیان.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م