تۆماس تۆخێلی راهێنەری نوێی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی هۆكاری رەتكردنەوەی وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی ئاشكرا كرد.
تۆخێل بۆ ماڵپەڕی (سكای سپۆڕت)ی ئەڵمانی رایگەیاند: پێش وازهێنانم لە ئەركی راهێنەریەتی یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند، حەزم دەكرد وێستگەی داهاتووی كاری راهێنەرایەتیم لە دەرەوەی ئەڵمانیا بێت.
زیاتر گوتی: حەزم كرد لە ئەڵمانیا بێمە دەرەوە بۆ ئەوەی شتی تازە و نوێ فێرببم، ئێستاش وا هەست دەكەم لە زەوییەكی پارێزراو نیم و داوام لێ دەكەن باشترین ئەنجام بەدەست بێنم لە ركابەرییەكانی وەرزی داهاتوودا.
ئامانجی سەرەكی یانەی پاریس سان جێرمان لە گرێبەستكردن لەگەڵ تۆخێل بردنەوەی ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپایە لە وەرزی داهاتوودا دوای ئەوەی ئۆنای ئێمری راهێنەری پێشووی یانەكە لە ماوەی دوو وەرزی رابردوودا نەیتوانیبوو ئامانجەكە بپێكێ هەر لەبەر ئەمەش لە پۆستەكەی دوورخرایەوە و لە شوێنی ئەویش تۆخێل دامەزرێنرا.
جێی باسە یانەی بایرن میونشن لە كۆتایی ئەم وەرزەدا هەوڵی رازیكردنی تۆخێل دابوو بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا لە شوێنی یۆپ هاینكس ببێتە راهێنەری تیپەكەیان، بەڵام وەڵام تۆخێل برێتی بوو لەوەی كە لەگەڵ یانەیەكی تری ئەوروپی رێككەوتووە و نایەوێ بگەڕێتەوە ئەڵمانیا.