دوێنێ سێشەم شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ سەرۆكی لیستە براوەكانی هەڵبژاردن كۆبوونەوە، ئەوەی تێبینی دەكرێ، فازڵ میرانی سەرۆكی شاندی پارتی، ئاڵای كوردستان و حزبەكەی لە یەخەی چاكەتەكەی داوە و ئاڵای كوردستانی بردە ناو هەموو كۆبوونەوەكانەوە.
دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی ئەنجامیان دا، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراق سووكایەتی زۆریان بە ئاڵای كوردستان لە شاری كەركووك كرد، ئەمەیش نیگەرانی خەڵكی نیشتمانپەروەری لێ كەوتەوە، بەڵام دوێنێ سەرۆكی شاندی پارتی ئاڵای كوردستانی نەك هەر لە كەركووك، بەڵكو بردەوە بەغدا و لەوێ لە بەردەم سەركردەكانی عێراق بە ئاڵای كوردستانەوە گفتوگۆی لەگەڵیان كرد.
فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی شاندی پارتی لە بەغدا بە یاوەری خەسرۆ گۆران ئەندامی سەركردایەتی و شوان تەها بەرپرسی لقی پێنجی بەغدا و ئومێد سەباح، دوێنێ سێشەم گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆكی هاوپەیمانی سائیروون و براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كۆبوونەوە، دواتر لەگەڵ هادی عامری و نووری مالیكی دیداریان ساز كرد.
ئەوەی لە وێنەكان تێبینی دەكرێ، میرانی لە سەرجەم دیدارەكان ئاڵایەكی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانی لەسەر یەخەی چاكەتەكەی بوونی هەیە، ئەمەیش بە پەیامێكی دیپلۆماسی بۆ سەركردەكانی بەغدا لێك دەدرێتەوە، كە پارتی باوەڕی قووڵی بە بەرزی و شكۆی ئاڵای كوردستان و مافی چارەی خۆنووسینی كوردستان هەیە و هەمیشە و لە هەر شوێنێك ئامادە بە ئاڵای كوردستانەوە دەربكەوێ.
بە بڕوای چاودێران ئەو كارەی فازڵ میرانی پەیامێكی ڕوونە بۆ سەركردە باڵاكانی بەغدا، كە بە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و بڕینی بودجە و فشار و سزادانی بە كۆمەڵی خەڵكی كوردستان، ناتوانن شكست بە گەلی كوردستان بهێنن و لە پیرۆزی ئاڵای كوردستان و باوەڕبوون بە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان كەم بكەنەوە.