میسی گەیشتەوە ئەرجەنتین

:: AM:09:58:23/05/2018 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتین دوێنێ سێشەم گەیشتەوە شاری بۆینس ئایرسی پایەتەختی وڵاتەكەی بەمەبەستی دەستپێكردنی ئامادەكارییەكان بۆ مۆندیالی 2018ی رووسیا كە كەمتر لە مانگێكی ماوە دەست پێ بكات.

گەیشتەكەی میسی لە ئیسپانیاوە بوو بۆ ئەرجەنتین دوای ئەوەی ركابەرییەكانی خولی ئیسپانیای لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە تەواو كرد، ئەمڕۆ چوارشەمیش یەكەم یەكەی مەشق و راهێنان لەگەڵ خۆرخێ سامپاولی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەست پێ دەكات.

سامپاولی دوێنێ سێشەم بەفەرمی پێكهاتەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی بۆ یارییەكانی مۆندیال راگەیاند كە 23 یاریزانی لەخۆ دەگرت و میسیش لەسەرووی لیستەكەدا بوو.

راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئاشكرای كرد كە میسی لە رووی توانای جەستەییەوە زۆر باشە ئەمەش بەهۆی ئەوەوە بوو كە یانەی بەرشەلۆنە زووتر بەدەستهێنانی ناسناوی خولی ئیسپانیای یەكلا كردەوە.

جێی باسە یەكەم یاریی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی 2018ی رووسیا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئایسلەندا دەبێت لە مانگی داهاتوودا و هەڵبژاردەكە لە كۆمەڵەی چوارەم لەتەك هەڵبژاردەكانی كڕواتیا و نێجیریا و ئایسلەندا گیرساوەتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م