ئێران داوایەكی سەدر ڕەت دەكاتەوە

:: AM:10:28:23/05/2018 ‌

هاوپەیمانی سائیروونی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، بانگێشتنامەی ئاراستەی باڵوێزی وڵاتان لە بەغدا كردووە، بۆ ئەوەی لە دیدارێكی سەدر بەشدار بن، بەڵام باڵوێزی كۆماری ئیسلامیی ئێران داواكەی ڕەت كردووەتەوە و بەشداری كۆبوونەوەكە نابێت.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر و دروستكەری هاوپەیمانی سائیروون كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی عێراقە و 54 كورسی بەدەستهێناوە، لەگەڵ باڵوێز و گەورە دیپلۆماتكارانی وڵاتانی دنیا لە بەغدا كۆ ببێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش هاوپەیمانی سائیروون بە فەرمی بانگێشتنامەیان ئاراستەی باڵوێزی وڵاتانی دنیا لە بەغدا كردووە.

زیا‌ء ئەسەدی گەورە یاریدەدەری موقتەدا سەدر لەوبارەوە ئاشكرای كرد، باڵوێزی ئێران لە بەغدا ئیرەج مەسجیدی ڕەتی كردووەتەوە بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە بكات و داوای لێبوردنی كردووە و گوتوویەتی، ناتوانێ ئامادە بێت.

ئەو هەڵوێستەی تاران لە كاتێكدایە پێشتر سەرجەم زانیاری و بۆچوونەكان دووپاتیان لەوە دەكردەوە، كە ئێران بە تەواوی نیگەرانە لە دەرچوونی موقتەدا سەدر وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، پاش ئەوەی هەریەك لە لیستی فەتح و دەوڵەتی یاسا كە لەوەوە نزیك بوون نەیانتوانی هەڵبژاردن ببەنەوە و بەسەر سەدر و عەبادیدا زاڵ بن.

هەرچەندە لە دوو ڕۆژی ڕابردوو لێدوانێكی ئیرەج مەسجیدی لە میدیاكانی ئێران بڵاوبووەوە كە دووپاتی لەوە كردەوە، ئێران هیچ كێشەیەكی لەگەڵ سەدر نییە و بگرە پێوەندی زۆرباشیش لە نێوان سەدر و سەركردەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، بەڵام واقیعەكە جۆرێكی ترە و ئێران نەیاری سەرسەختی موقتەدا سەدرە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د