تا دێت وادەی دەستپێكردنی گەورەترین رووداوی وەرزشی كە یارییەكانی مۆندیالە نزیك دەبێتەوە و تەنیا 22 رۆژ ماوە ركابەرییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا دەست پێ بكات.
مۆندیالی ژمارە 21 لە مێژوودا رۆژی 14ی حوزەیران تا 15ی تەمووز لەسەر خاكی رووسیا بەڕێوە دەچێت، یەكەم یارییش لەنێوان هەڵبژاردەی رووسیای مێواندار و هەڵبژاردەی سعوودیە دەبێت.
وەك یاسایەكی یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) هەر هەڵبژاردەیەك دەتوانی بە 23 یاریزان بەشداریی یارییەكانی مۆندیال بكات، بڕیاریشە یەكەتییەكە رۆژی 4ی مانگی داهاتوو ناوی پێكهاتەی سەرەكی و 23 یاریزانی سەرجەم هەڵبژاردە بەشدارەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا رابگەیەنێ.
هەر هەڵبژاردەیەك دەبێت بەر لەو وادەی سەرەوە ناوی 20 یاریزان لەگەڵ 3 گۆڵپارێز بۆ فیفا بنێرێ تا بەفەرمی لە پاڵەوانیەتییەكە تۆمار بكرێن، لە هەر یارییەكدا بەفەرمی 11 یاریزانی سەرەكی یاری دەكەن و 12 یاریزانی تریش لەسەر كورسی یەدەگ دادەنیشن.
یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی هەروەها سەرجەم هەڵبژاردەكانی ئاگادار كردۆتەوە كە ژمارەی درێسی یاریزانەكان نابێت بەشێوەی هەڕەمەكی دیاری بكەن بەڵكو دەبێت لە ژمارە 1 تا 23 بێت.
هەرسێ گۆڵپارێزی هەڵبژاردەكانیش دەبێت یەك درێس بپۆشن و هەروەها رەنگەكەشی جیاواز بێت لەگەڵ درێسی یاریزانەكان، یەكێك لەو گۆڵپارێزانەش دەبێت ژمارەكەی 1 بێت.