سەلیم جارێكی تر هەوڵی كۆبوونەوەی پەرلەمان دەدات

:: AM:11:30:23/05/2018 ‌
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جارێكی تر داوای ئامادەبوون لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات، تا لەبارەی ساختەكاری هەڵبژاردنەوە بڕیار بدرێ و هەنگاوی پێویست بگیرێتەبەر.

سەلیم جبووری بانگهێشتنامەی بۆ سەرجەم پەرلەمانتاران دەركردووە، تا سبەی پێنجشەم سەعات چواری عەسر لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن، بە مەبەستی سازكردنی كۆبوونەوەیەكی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئامانجی سەرەكی كۆبوونەوەكەیش گفتوگۆكردن دەبێ لەسەر پاكی و شەفافی كاری هەڵبژاردن و ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە ئاشكرای كردووە، لەسەر داوای سەرۆكی پەرلەمان بڕیارەكە دەركراوە و ئەوانیش وەك لایەنی كارگێڕی ئامادەكاری تەواو دەكەن، بەڵام ئایا ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادە دەبن، یان ناگاتە ڕێژەی یاسایی ئەوە پرسێكی ترە.

پێشتر "وشە" دەقی پڕۆژە یاسایەكی بڵاو كردەوە، كە هەوڵ دەدرێ لە دانیشتنی پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە بۆ رەتكردنەوەی كۆی ئەنجام و پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە 12ی ئایار/مایۆی ئەمساڵ هاتە ئەنجامدان.

ئه‌و هه‌وڵه‌ی جبووری بۆ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌ سبه‌ی پێنجشه‌م دا، له‌ كاتێكدایه‌ ڕۆژی شه‌مووی ڕابردوویش هه‌مان هه‌وڵ درا، به‌ڵام به‌هۆی ئاماده‌نه‌بوونی ڕێژه‌ی یاسایی په‌رله‌مانتاران دانیشتنه‌كه‌ ئه‌نجام نه‌درا و هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، سەلیم جبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەنیا پێنج هەزار و 2016 دەنگی بەدەست هێناوە، بەوهۆیەوە نەیتوانیوە دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت و لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیش هاشتاگی تایبەت بە گاڵتەكردن بە سەلیم جبووری و حەنان فەتلاوی و عەلی عەلاق و مۆفەق روبەیعی بڵاو كراوەتەوە و گەنجان گاڵتەیان پێ دەكەن.

جبووری یەكێكە لەو كەسایەتییانەی لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، ڕێی خۆش كرد بۆ دەرچوونی كۆمەڵێك بڕیار تا سزای بە كۆمەڵی خەڵكی كوردستان لەلایەن بەغداوە بەسەر هەرێمی كوردستان بسەپێنرێت.




وشە - باز ئه‌حمه‌د