ئیداره‌ی گه‌رمیان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، رێگرییان له‌وه كرد یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له سنووره‌كه‌یان سه‌ربازگه دروست بكات و به‌شێكیان گوتیان ناكرێت حزبێك كه له ژێر مه‌ترسی به‌ریه‌ككه‌وتنی باڵه‌كانیدایه، سه‌ربازگه بنیات بنێت.
سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی سه‌ربازیی سه‌ربه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه هه‌وڵ درا ده‌روازه‌ی باكوری شارۆكه‌ی كه‌لار بكرێت به سه‌ربازگه، به‌ڵام زانكۆی گه‌رمیان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی و ئیداره‌ی ناوچه‌كه‌ش هاته سه‌ر هێڵ و پلانه‌كه‌ی یه‌كێتی شكستی پێ هێنرا.
له راگه‌یه‌نراوی ژماره‌یه‌ك له رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیدا كه "وشه" وێنه‌یه‌كی ده‌ست كه‌وتووه، هاتووه، ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له گه‌رمیان به‌وپه‌ڕی بێزاری و نیگه‌رانییه‌وه له هه‌وڵه‌كانی به سه‌ربازگه‌كردنی ده‌روازه‌ی كه‌لار ده‌ڕوانن. دووپاتیان كرده‌وه "ده‌ستبردن بۆ ده‌روازه‌ی كه‌لار و هه‌وڵی داخستن و دابڕین و ده‌ست به‌سه‌راگرتنی به‌هیچ پاساوێك قابیلی قبووڵ نییه و ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ ڕابگیرێت".
ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌و شوێنه‌ی كراوه‌ته ئامانج له‌لایه‌ك شوێنی دارستانی سروشتی و تاپۆی دارستان و پاوانی گه‌رمیانه و له لایه‌كی تریش سنووری زانكۆی گه‌رمیانه، وه‌ك به‌رزایییه‌كانی به‌رده‌سوور به‌شێكه له جوانی ده‌روازه‌ی كه‌لار و ده‌بێت بۆ خه‌ڵكی شار كراوه بێت و بكرێت به پاوانی سروشتی و پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری، چونكه خه‌ڵكی كه‌لار پێویستیان به ڕووبه‌رێكه بۆ پشوودان و حه‌سانه‌وه، نه‌ك سه‌ربازگه و په‌رژینكردن و دابڕین و داخستن و خنكاندنی زیاتری شاره‌كه.
شاهۆ عه‌بدوڵا چالاكی مه‌ده‌نی، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا، گوشاری رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی دواجار به‌رهه‌می هه‌بوو و رێگه‌ی له سه‌رخستنی هه‌ر جۆره هه‌وڵێك بۆ دروستكردنی سه‌ربازگه گرت. ئه‌و روونی كرده‌وه "ته‌واوی خه‌ڵكه‌كه یه‌كده‌نگ بوون له‌و رێگرییه".
ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ی یه‌كێتی هه‌وڵی دروستكردنی ده‌دا له‌سه‌ر زه‌وی به‌رده‌ڵانی دروست ده‌كرا نه‌ك زه‌وی كشتوكاڵی، هه‌رچه‌ند ده‌وروپشتی زانكۆی گه‌رمیانه و كراوه‌ته دارستانی ده‌ستكرد. به گوته‌ی هونه‌ر مه‌حموود به‌ڕێوه‌به‌ری دارستان و پاوانی گه‌رمیان، خاوه‌ندارێتی ئه‌م شوێنه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تی دارایی نه‌ك وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ.
به‌ڕێوه‌به‌ری دارستان و پاوانی گه‌رمیان بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، "له ده‌وروپشتی زانكۆی گه‌رمیان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دارستان و پاوان رووبه‌ری 300 دۆنمی كردووه‌ته دارستانی ده‌سكرد و زیاتر له چل هه‌زار نه‌مامی تێدا چاندووه".
هاوكات مامۆستایانی زانكۆی گه‌رمیان ده‌سته‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تییان پێكهێنا و پێداگرییان كرد له‌وه‌ی له نزیك زانكۆی گه‌رمیان وه‌ك ناوه‌ندێكی ئه‌كادیمی زانستی، ناكرێت هیچ سه‌ربازگه‌یه‌ك بنیات بنرێت و له هیچ شوێنێكی دنیا زانكۆ و سه‌ربازگه دراوسێی یه‌كتر نه‌بوون.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵه سه‌ربازییه شكستی هێناوه، فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی ئه‌و سنووره ره‌تیان كرده‌وه بۆ "وشه" و میدیا قسه بكه‌ن، به‌ڵام گوته‌بێژی فه‌رمی ئیداره‌ی گه‌رمیان هه‌وڵی به‌سه‌ربازگه‌كردنی ده‌روازه‌ی كه‌لاری پشتڕاست كرده‌وه.
هه‌ڤاڵ ئیبراهیم گوته‌بێژی ئیداره‌ی گه‌رمیان، به"وشه"ی راگه‌یاند، "وه‌ك ئیداره‌ی ناوچه‌كه چووینه ناو بابه‌ته‌كه‌وه و به به‌رپرسانی سه‌ربازیمان گوت، ده‌روازه‌ی كه‌لار و زانكۆی گه‌رمیان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شیاو نییه بۆ سه‌ربازگه. جگه له‌مه له لایه‌ن ئیداره‌ی ناوچه‌كه‌وه بڕیاری كۆتای له‌باره‌وه دراوه".
پرسی دروستكردنی سه‌ربازگه له‌لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه له كاتێكدایه كه خه‌ڵكی ناوچه‌كه له‌ژێر مه‌ترسی شه‌ڕی باڵه‌كانی ئه‌و لایه‌نه‌ن. به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌ی سێ ساڵه به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گه‌رمیانی یه‌كێتی له‌كاتی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له كار دوور خرایه‌وه و دواتر پابه‌ندی بڕیاره‌كه نه‌بوو، چه‌ند جارێك گرژی دروست بووه و له‌وكاته‌وه ئاسایش دوو به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌یه.
ئارام حه‌سه‌ن نووسه‌ر و دانیشتووی كه‌لار، بۆ "وشه" گوتی، ئه‌گه‌ر دانانی سه‌ربازگه بۆ هه‌ر حزبێك قبووڵكراو نه‌بێت، ئه‌وا بۆ یه‌كێتی دوو هێنده قبووڵكراو نییه، چونكه یه‌كێتی له ناوخۆیدا ئاڵۆزه و له‌وانه‌یه به ئاگری ئه‌و ئاڵۆزییه خه‌ڵكیش تووشی كاره‌سات بكه‌ن.
وشه/ گه‌رمیان- سه‌بری هۆرێنی