ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رای دهگهیهنێت، ئهنجوومهنى وهزیران بڕیاریداوه پارەى تەواوى گەنمى جووتیاران بۆ ساڵى 2016 خەرج بکرێت و بڕە پارەیەکى زۆریش ڕەوانەى هەرێمی كوردستان دەکرێت.
ئەشواق جاف، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە "وشە"ى ڕاگەیاند، دیوانى چاودێرى دارایى عێراق لێکۆڵینەوەى لەو گەنمە کردووە کە بۆ ساڵى 2016 ڕادەست کراوە.
گوتیشى: "لە مانگى كانوونی یهكهم نیوەى پارەى گەنمى جووتیاران بۆ ساڵى 2016 دابەش دەکرێت، هەرچەند بڕیارى نیوە دراوە لە لایەن وەزارەتى دارایى، بەڵام ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاریداوە تەواوى ئەو پارەیە بدرێتە جووتیاران بۆ گەنمى 2016 پێش ئەوەى مانگى كانوونی یهكهم تەواو بێت و بە نیوە دابەش نەکرێت".
روونی كردهوه، ئێسته تەنیا چاوەڕێى پارەکە دەکەن لە وەزارەتى دارایى خەرج بکرێت، هەرچەندە بڕیاربوو مانگى تشرینی دووهمی ئهمساڵ ئەو پارەیە بدرێت، بەڵام وەزارەتى دارایى گوتى کە ئەو پارەى لە بەردەستیدایە لهشهڕی داعش خهرجی دهكهن.
زیاتر دەڵێ: "سەرەتا نیوەى پارەکە دەدرێت بە جووتیاران، بەڵام بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیران ئەوەیە کە پێش سەرى ساڵ تەواوى پارەکە بدرێت بە هەرێمى کوردستانیشەوە".
بەپێى زانیارییەکان تەواوى پارەى گەنمى جووتیارانى هەرێم بۆ ساڵى 2016 نزیک بە 500 ملیار دینارە.، پێشتریش بەغدا پارەى گەنمى جووتیارانى بۆ ساڵى 2014 و 2015 دابەشکرد بە شێوەى نیوە بۆ ئەوانەى کە پێشتر پارەکەیان وەرنەگرتبوو.
سلێمانى/ هۆشیار عەلى