به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی توندوتیژی دژ به ژنان، له ماوه‌ی سێ مانگی ڕابردووی ئه‌مساڵ، له هه‌رێمی كوردستان 32 ژن كوژراون یان خۆیان كوشتووه و 71 ژنیش سووتاون یان خۆیان سووتاندووه، هاوكات زیاتر له 30 ژن ده‌ستدرێژیی سێكسییان كراوه‌ته سه‌ر.
به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توندوتیژی ژنان، له ماوه‌ی سێ مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ، له هه‌ولێر پێنج ژن كوژراون و پێنجیش خۆیان كوشتووه، هه‌روه‌ها 12 ژن سووتاون و 16یش خۆیان سووتاندووه، 11 ده‌ستدرێژیی سێكسی كراوه‌ته سه‌ر ژنان، هاوكات 741 سكاڵاش له لایه‌ن ژنانه‌وه تۆمار كراون.
هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كه، له دهۆك له‌و ماوه‌یه‌دا چوار ژن كوژراون و هه‌شتیش خۆیان كوشتووه، 12 ژن سووتاون و نۆییش خۆیان سووتاندووه، 12 ده‌ستدرێژی سێكسی كراوه‌ته سه‌ر ژنان له‌لایه‌ن پیاوه‌وه و 527 سكاڵاش له‌لایه‌ن ژنانه‌وه له‌سه‌ر پیاو تۆمار كراون.
له سلێمانی ئاماره‌كه ده‌ریده‌خات كه حه‌وت ژن خۆیان كوشتووه، هه‌روه‌ها 11 ژن سووتان و حه‌وت ژنیش خۆیان سووتاندووه، هیچ حاڵه‌تێكی ده‌ستدرێژیی سێكسی تۆمار نه‌كراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 354 سكاڵا له‌لایه‌ن ژنه‌وه دژی پیاو تۆمار كراون. به‌ڵام له گه‌رمیان یه‌ك ژن كوژراوه و دووانیش خۆیان كوشتووه، چوار ژن خۆیان سووتاندووه، سێ ده‌ستدرێژیی سێكسی له‌لایه‌ن پیاوه‌وه بۆ سه‌ر ژنان تۆمار كراون، 185 سكاڵاش له‌لایه‌ن ژنانه‌وه دژی پیاو تۆمار كراون.
له ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین دوو ژن خۆیان كوشتووه، 3 ژنیش سووتاون و 3 ژنیش خۆیان سووتاندووه، 95 ژنیش سكاڵایان دژی پیاوان تۆمار كردووه، چوار ژنیش ده‌ستدرێژیی سێكسییان كراوه‌ته سه‌ر له‌لایه‌ن پیاوه‌وه، له سۆران دوو ژن خۆیان كوشتووه و یه‌ك ژنیش سووتاوه و دوو ژنیش خۆیان سووتاندووه، یه‌ك ژنیش له لایه‌ن پیاوانه‌وه ده‌ستدرێژیی سێكسی كراوه‌ته سه‌ر ، هاوكات 56 سكاڵاش دژی پیاوان له‌لایه‌ن ژنانه‌وه تۆمار كراون.
هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی توندوتیژی دژ به ژنان له ساڵی 2017، له هه‌رێمی كوردستان 50 ژن كوژراون و 77 ژنیش خۆیان كوشتووه، هاوكات 208 ژن سووتان و 116 ژنیش خۆیان سووتاندووه و 135 ده‌ستدرێژیی سێكسی له لایه‌ن پیاوانه‌وه كراوه‌ته سه‌ر ژنان، نزیكه‌ی 10 هه‌زار سكاڵاش دژی پیاوان له لایه‌ن ژنانه‌وه تۆمار كراون.
به بۆچوونی توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، توندوتیژی كارێكی دوژمنكارانه‌یه یان به زه‌بر یان به رێسواكردن روو ده‌دات، كه هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه به‌هۆی ده‌مارگیریی رهگهزییهوهیه.
شه‌ونم تاهیر، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، توندوتیژی به‌هۆی ئامرازێكه‌وه ده‌رهه‌ق به مێیینه ده‌كرێت، ئازاردانی ده‌روونی و جه‌سته‌یی سێكسی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. دووپاتیشی كرده‌وه "توندوتیژی هه‌ڕه‌شه‌كردنه یان زۆرلێكردن و بێبه‌شبوونی زۆردارانه له ئازادییه، هه‌روه‌ها ئه‌م جۆره توندوتیژییه ناچاركردن به كرده‌وه‌یه‌كه كه نایانه‌وێت بیكه‌ن یان ئه‌نجامی بده‌ن".
به گوته‌ی ئه‌و توێژه‌ره، زورجار هۆی ئابووری وا له ڕه‌گه‌زی نێر ده‌كات توندوتیژی به‌رانبه‌ر به ژن بكات، چونكه ده‌بێته هۆی كێشه‌ی نێوان ژن و پیاو، به‌وه‌ش ژن تووشی بارگرانییه‌كی ده‌روونی ده‌بێت، وه‌ك هه‌ستكردن به كه‌میی خۆی، به‌وه‌ش دواجار تووشی نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كانی وه‌ك خه‌مۆكی ده‌بن و دواجار په‌نا ده‌به‌نه‌به‌ر خۆكوشتن.
له ساڵی 2016ه‌وه حاڵه‌ته‌كانی توندتیژی دژ به ژنان زیادی كردووه، به جۆرێك له‌و ساڵه‌دا له هه‌رێمی كوردستان 46 ژن كوژراون و 73 ژن خۆیان كوشتووه و 219 ژن سووتان، هه‌روه‌ها له‌و ساڵه‌دا 86 ژن خۆیان سووتاندووه، 104 حاڵه‌تی ده‌ستدرێژیی سێكسی له لایه‌ن پیاوانه‌وه كراوه‌ته سه‌ر ژنان.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌پێى بڕیارى ژماره (43/154)ى ساڵى 1991ى وا پێناسه‌ی توندوتیژی دژی ژن ده‌كات، بریتییه له هه‌ر جۆره هه‌ڵسوكه‌وتێكى توندوتیژ له‌سه‌ر بناغه‌ى ڕه‌گه‌ز (جنس) كه ببێته هۆى زهبرلێدانى به‌ده‌نى، سێكسى، ده‌روونى، عه‌قڵى، ئه‌زیه‌ت، ئازاردان و سووكایه‌تى به ژن یان هه‌ر چه‌شنه هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك به مه‌به‌ستى به ئه‌نجامگه‌یاندنى كرده‌وه‌ى نابه‌جێ كه ئه‌نجامه‌كه‌ى به ناچارى به‌بێ دڵخوازى خۆى ببێته هۆی بێبه‌شبوون له ئازادى و كۆمه‌ڵگه و ژیانى تایبه‌تی.
وشه/ سلێمانی. هۆشیار عه‌لی