كرێكارێك كەوتە ژێر دەڕاسە و گیانی لە دەست دا

:: PM:01:27:23/05/2018 ‌
لە وەرزی دروێنەكردنی گەنم لە سنووری یەكەی كارگێڕی گەرمیان، لەو كاتەی ئۆتۆمبێلی دەڕاسە كە تایبەتە بە دروێنەكردنی گەنم و جۆ، كرێكارێك كەوتە ژێرییەوە و بەو هۆیەوە گیانی لە دەست دا.

لە ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان هاتووە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم لە گوندی چیاڕەزای سەر بە شارەدێی مەیدان لە كاتی دروێنەكردنی گەنم، كرێكارێك كەوتووەتە ژێر دەڕاسەوە و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.

لە بەشێكی ترێ ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، ئەو كرێكارە ناوی "عەبدوڕەحمان ئەحمەد عەلی"یە و لە دایكبووی 1963ی شارەدێی باوەنوورە، دوای ئەوەی كەوتووەتە بەردەمی پێشەوەی دەڕاسە تیغی دەڕاسەكە بە فرەوانی چووەتە جەستەیەوە و دەسبەجێ لە شوێنی ڕووداوەكە گیانی لە دەست داوە.

ئاماژە دراوە، بۆ پشكنین و توێكاری تەرمی كرێكارەكە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری شارۆكەی كەلار كراوە و شوفێری دەڕاسەكەیش لە شارەدێی مەیدان دەستبەسەر كراوە.

جێی باسە كرێكاران ماوە ماوە لە شارە جیاجیاكانی كوردستان لە كاتی كاركردن دەبنە قوربانی، بەڵام تا ئێستە هیچ یاسایەك نییە بۆ دەستەبەركردنی مافی كرێكاران و دەستەبەری كۆمەڵایەتی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د