پێوەندی نێوان هەواڵگری بەریتانی و BBC و جەزیرە ئاشكرا دەبێت

:: PM:02:05:23/05/2018 ‌


پێوەندی دەستەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی BBC بەریتانی بە دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە بۆ سەردەمانێكی زوو دەگەڕێتەوە و یەكێك لە رەهەندەكانی ئەو پێوەندییەش كە بەمدواییە ئاشكرا بوو، پێوەندی نێوان هەواڵگری بەریتانی و ئیخوان موسلیمینە كە BBC عەرەبی وەك فێرگەیەك وابووە بۆ بڵاوەپێكردنی هزر و كادری ئیخوانی.

بەگوێرەی چەند راپۆرتێكی رۆژنامەوانی كە بەمدواییە لەسەر پێوەندییەكانی دەزگای هەواڵگری بەریتانی و ئیخوان موسلیمین بڵاو كراوەتەوە، پەردە لەسەر بەكارهێنانی كەناڵی BBC عەرەبی هەڵدەداتەوە كە بووەتە فێرگەیەك و ناوەندێك بۆ بڵاوكردنەوەی هزری ئیخوان موسلیمین.

رۆژنامەی "ئۆب سێرڤەر"ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا ئەو پێوەندییە مێژوویییەی ئیخوان موسلیمین و هەواڵگری بەریتانی ئاشكرا دەكات كە هەواڵگری بەریتانیا ئیخوانی وەك كەرەسەتەیەكی سەرەكی وێناكردنی سیاسەتی دەرەوەی خۆی بەكاری هێناوە.

لە راپۆرتەكەدا باس لەوە دەكات پێوەندی نێوان BBC و دەزگای هەواڵگری بەریتانیا پێوەندییەكی مێژوویییە، یەكێك لە رەهەندەكانی كە ئاشكرا بووە ئەویش M.I.5 دەزگای هەواڵگری ناوخۆی بەریتانی كە بەرپرس بووە لە لێكۆڵینەوە و وردبینی لە تێگەیشتنی سیاسی و ئایدۆلۆجی ئەو كەسانەی سی ڤی پێشكەش بە BBC دەكەن.

یەكێك لەو بەشانەی ئەو وردبینییە دەیگرێتەوە خزمەتگوزاری  BBC Arabicبوو كە خزمەتگوزارییەكی ناودار بووە لە سەدەی نەوەتەكانی رابردووە دامەزراوە و پاشان لە سەرەتای دوو هەزارەكان جارێكی تر دەركەوتەوە.

بەشی زۆری ئەوانەی لە BBC Arabic كار دەكەن پاشخانی ئایدۆلۆجیایەكی ئیسلامییان هەیە و بەشی زۆری فەرمانبەرەكانی سەر بە ئیخوان موسلیمین بوون.

ئەگەرچی دامەزراوەی میدیایی BBC هەر لەو كاتەی دامەزراوە وەك میدیایەكی پیشەیی و خاوەن ئیتیك و باوەڕ پێكراو لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری ناسراوە كە لاگیری هیچ لایەنێكی سیاسی بەسەر ئەوی تریان ناكات. بەڵام پۆڵ رینۆڵدز رۆژنامەنووسی بەریتانی كەماوەیەكی زۆر لە BBC كاری كردووە، ئاشكرای دەكات هەبوونی پێوەندی BBC و M.I.5 بە جۆرێك بووە M.I.5 لە ژووری 105ی نهێنی لە كاستینگ هاوس لە پاشخانی سیاسی و ئایدۆلۆجی ئەو كەسانەی دەكۆڵینەوە كە سی ڤی پێشكەش دەكەن، تەنانەت دەستوەردانی دەكرد لە چۆنیەتیی هەڵبژاردنی پێشكەشكار و كارمەندان بۆ BBC. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە BBC هەمیشە دژ چەپەكان بووە و یەكێكیش بووە لەو هۆكارانەی كە دەیان حكوومەت سكاڵای لە دژ كارەكانی BBC داوەتە حكوومەتی ئەو وڵاتە بەوەی لایەنگیری كردووە و دژی چەپ و عەلمانییەكان وەستاوەتەوە.

بەتێپەڕبوونی كات BBC Arabic بووە مینبەری چالاكییەكانی ئیخوانەكان و لەو شارەش ئیخوان موسلیمین بارەگایەكی كردووە، وای لێ هات ئیبراهیم منیر ئەمینداری ئیخوان و جێگری مورشیدی گشتی دەستی بەسەر BBC Arabic گرتبوو، هەركات بیویستایە لەسەر شاشەی BBC Arabic دەردەكەوێت و بەرگری لە سیاسەتی ئیخوان دەكرد بە تایبەت لە بەهاری عەرەبی ئەوە زۆر بە روونی بەدیار كەوت.

جگە لە ئیبراهیم، دەرگای كەناڵەكە بۆ سەركردەكانی تر ئیخوانیش كراوە بووە لەسەرووی هەموویانەوە محەمەد سویدان بەرپرسی راگەیاندنی ئیخوانی، كە وەك گوتەبێژی ئیخوانی لێ هاتبوو هێندە لەسەر شاشەی BBC Arabic دەردەكەوت بەتایبەت لەكاتی خۆپیشاندانەكانی پشتگیری لە محەمەد مورسی.

شارەزایانی میدیاكارانی عەرەبی ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە M.I.5 هەمیشە ئەو كەسانەیان وەردەگرت كە پاشخانێكی ئیسلامییان هەبووایە، ئەمە زۆر پێش دامەزراندنی كەناڵی جەزیرە.

دوای داخرانی BBC Arabic، كەناڵی جەزیرە لە یەكی نۆڤێمبەر/ تشرینی دووەمی 1996 كرایەوە، هەموو كارمەندە پاشخان ئیسلامییەكانی BBC Arabic بە هونەرییەكانیشەوە، چوونە ئەو كەناڵە و بوو بە تۆپهاوێژێكی ئیخوان موسلیمین.

M.I.5 ئەوەی بەرانبەر بە BBC Arabic كردی، دواتر بەرانبەر بە BBC English ئەنجامی دایەوە و بەشێوەیەكی فەرمی بوو بە بەشێك M.I.5، ئەمەش رەنگدانەوەی بەسەر سیاسەتی كەناڵەكە هەبووە و گۆڕانكاری بەسەر سیاسەتی كەناڵەكە هاتووە بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی دەزگای هەواڵگری بەریتانی.

راستییە مێژوویییەكە
ئەگەرچی BBC رەتی دەكاتەوە پێوەندی هەبووبێت لەگەڵ M.I.5 و ئەوەش رەت دەكاتەوە كە دەزگای هەواڵگری بەریتانی رۆڵی هەبووە لە دەركردن و وەرگرتنی پێشكەشكار و پەیامنێرانی كەناڵەكە، بەڵام راستییەكان ئەوە ئاشكرا دەكەن كە M.I.5 هەر لەكاتی دامەزراندنی BBC لە 18ی ئۆكتۆبەری/ تشرینی یەكەم 1922 رۆڵی هەبووە لە دامەزراندنی كارمەندان لە BBC و تا حەفتاكانی سەدەی رابردوو ئەمە بەردەوامی هەبووە.

پۆڵ رینۆلدز یەكەم رۆژنامەنووسە كە دەستی دەگات بە دۆسیەی هەموو فەرمانبەران و رۆژنامەنووسی BBC بەتایبەت ئەوانەی بەهۆی جیاوازی سیاسییەوە دەركراون، دەری دەخات كە چیرۆكێكی درێژی پێوەندی BBC و M.I.5 بەیەكەوە گرێ دەدات.

 یەكێك لە بەرپرسە گەورەكانی BBC ساڵی 1985 زۆر لە وردەكاری هاوكاری نێوانیان لەگەڵ M.I.5 ئاشكرا دەكات و باس لە رۆڵی ژووری "105" دەكات لە برود كاستینگ هاوس. لەو ژوورە نهێنییەدا ئەو كەسانەی بۆ كار سی ڤی پێشكەش بە BBC دەكەن، لەوێدا وردبینییان بۆ دەكرێت، دروشمی ژوورەكە ئەوەیە "سەرت داگرە و وەڵامی پرسیارەكانیش مەدەوە" لەو ژوورەدا پشكنینی ورد بۆ ئاشكراكردنی ئینتیمای سیاسی ئەو كەسە دەكرێت.

لە سەرەتاكانی 1933، ئاڵان داونای بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە BBC لەگەڵ سێر فیرنون كیل سەرۆكی هەواڵگری بەریتانی كۆبوونەوەیەكی ئاڵوگۆڕی زانیارییان لە شوقەیەكی دونای لە ئیتون تیراس لە چێڵسی ئەنجام دا.

كۆبوونەوەكە لە كاتێكدا بوو پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان نێوان وڵاتان زۆر خراپ بوو، هاوكات بە قۆناغی ئامادەكاری بۆ جەنگی جیهانی دووەم دادەنرێت و ململانێیەكی زۆر توندی لە نێوان دەوڵەتان هەبوو، ئەو دەم بەریتانیا لەوە تێگەیشتبوو كە چەكی میدیا هیچی كەمتر نییە لەو فڕۆكە شەڕكەر و زریپۆش و تانكانەی لە جەنگ رۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەیە.

جێی باسە جەنگی جیهانی دووەم گەورەترین جەنگی پڕوپاگەندە بووە لە مێژووی جەنگەكاندا، لە ماوەی شەش ساڵی جەنگەكە لایەنە شەڕكەرەكان هەموو رێیەكی پڕوپاگەندەیان بەكار هێنا.

لەبارەی بەریتانییەكان، جەنگەكە سەرەتا لە رادیۆ دەستی پێ كرد كاتێك سەرۆك وەزیران لە سێی سێپتێمبەر/ئەیلوولی 1939 لە گوتارێكدا ئاماژەی بە كاری چەكداری دژ بە ئەڵمانیا كرد.

دوای جەنگی جیهانیش، پێوەندی BBC و M.I.5 بەردەوامی هەبوو بە تایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی یەكێتی سۆڤیەت لە جەنگی سارد. دواتریش رێككەوتنێكیان واژوو كرد كە هەموو فەرمانبەرێكی نوێی BBC دەبێت لەلایەن M.I.5 پشكنینی بۆ بكرێت، ئەمەش لە ترسی ئەوەی نەكا كەسانی چەپ خۆیان بخزێننە ناو BBC و كاریگەری لەسەر كەناڵە دروست بكات.

كارمەندان چۆن پشكنینیان بۆ دەكرێت؟
دوای ئەو رێككەوتنە بەرنامەی پشكنینی سیاسی بۆ كارمەندانیش ئامادە كرا و دەستەی BBCیش بەڵێنیان دا كە هیچ لەبارەی ئەو پشكنینە ئاشكرا نەكەن. ئەو كارە هەر بەنهێنی بەردەوامی پێ درا تا ساڵی 1989 كە یاسای تەناهی دەرچوو.    
                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                        
بەتێپەڕبوونی كات هەندێك لە بەڕێوەبەرانی BBC نیگەران بوون لە بڵاوكردنەوەی زانیاری و لێدوان بەناوی بەرپرسانەوە تەنانەت قسەیان بەناوی ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیاش كردووە.

ئەو سیستەمە كاتێك بەكار دەهێنرێت كە زیاتر لە یەك كەس سی ڤی بۆ كارێك پێشكەش بكات، ئەمەش بۆ ئەوەیە زۆرترین زانیاری لەسەر كەسە وەربگرن و بەناوی پرسین لە توانا و شارەزایی، ئەوا زانیارییەكان هەر هەمووی لەلایەن هەواڵگری بەریتانی بەدواداچوونی بۆ دەكرا و پاشان وەڵامی كەسەكە دەدرایەوە كە وەرگیراوە یانیش نا.
 
لە یەكێك لە یادەوەرییەكان كە ساڵی 1984 بڵاو كراوەتەوە، ناوی لیستێك بەناوی حزب و رێكخراوەكانی جێی مشتومڕ بڵاو كراوەیەوە، لە سەرەتا مەرج نەبوو ئەندامی ئەو رێكخراوە بیت هێندە نەبێت كە هاوسۆزیان بیت. پاشان دەركەوت دەزگای هەواڵگری بەریتانی رێنوینی BBC دەكات دژ بە كاندیدێك كە دەیەوێت لە BBC دامەزرێت و پێی دەڵێ ئەو كەسە قبووڵ نەكرێت

ئەوەی جێی سەرنجە BBC هیچ كارمەندێكی دانەمەزراندووە كە لە پۆلینی یەكەمی M.I.5 بووبێت، بەڵام خەڵكانی تری دامەزراندووە لە پۆلینی دووەم بوونە. تەنانەت BBC مافی قبووڵكردنی كارمەندی دابووە دەست دەزگای هەواڵگری.

پێوەندییەكانی بەجۆرێك پەرەی سەند كە دواتر نیشانە بۆ دۆسیەی فەرمانبەران زیاد كرا، لەوانە داری كریسمس، ئەو دارە لەسەر دۆسیەی هەر كەسێك بدرایە، ئەوا مانای ئەوەی دەگەیاند ئاسایییە ئەگەر پلەكەی بەرز بكرێتەوە، لەسەر هەندێكی تریش چەمكی "بیرهێنانەوەی بە بەردەوام" دەنووسرا، ئەمە بەمانای ئەوە دەهات كە نابێت ئەو كەسە پلەی بەرز بكرێتەوە یانیش لە بەشەكەی بگوازرێتەوە بۆ بەشێكی تر، یان گرێبەستەكەی بكرێتە بەردەوام بێ گەڕانەوە بۆ بەڕێوەبەری كاروباری فەرمانبەران.

دواتر بۆ هێشتنەوەی نهێنییەكە، BBC چەمكی "بیرهێنانەوەی بەردەوام"ی لەسەر دۆسیەی فەرمانبەرانی هەڵگرت، دوای ئەوەی كێشەی یەكێك لە فەرمانبەرانی گەیشتە دادگا و بەگوێرەی یاساش فەرمانبەرەكە بۆی هەیە داوای بینینی دۆسیەكەی بكات.

BBC لەگەڵ دەزگای هەواڵگری لەسەر ئەوەش رێككەوتن كە "هەموو رێوشوێنە شكڵییەكان تەواو كران" كە لەسەر دۆسیەی فەرمانبەران هەبوو، لە نێوان هەردوولا مانای ئەوە بگەیەنێت "رێوشوێنە رۆتینییەكان، كەسە نزیكەكانی فەرمانبەرەكە، رێوشوێنی خانەنشینی". دەگرێتەوە.

دواجار داری كریسمس لە ساڵی 1984 لەسەر دۆسیەكان هەڵگیرا دوای ئەوەی زۆر سەرنجڕاكێش بوو، لای رای گشتی بەریتانییەكانیش بووبووە جێی مشتومڕ. دواتر رۆژنامەی "ئۆب سێرڤز" ساڵی 1985 لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كرد كە ئەو دارە وەك نیشانەیەك لەسەر دەرگای ژووری 105ی هەواڵگری بەریتانی لە برود كاستینگ هاوس هەیە، ئەمەش نیشانەی ئاڵوگۆڕی زانیاری دەگەیەنێت لە نێوان BBC و M.I.5.

سەرچاوە/ عەرەب



وشە - فه‌رمان سادق