پارتی: لەسەر ڕێگری لە پڕۆژەی چاكسازی خانەنشینی هەڵوێستمان دەبێ

:: PM:02:18:23/05/2018 ‌
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، ئەگەر ڕێگرییەكان لەسەر پڕۆژەی چاكسازی بەردەوام بێت، ئەوە فراكسیۆنی پارتی هەڵوێستی تری دەبێت.

پڕۆژەی چاكسازی لە مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی پێشتر لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند كرا، بەڵام دواتر بەهۆی فشاری ڕای گشتی و میدیا پڕۆژەكە گەڕێنرایەوە پەرلەمانی كوردستان بەهۆی ئەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران تێیدا كەم نەكرابووەوە.

ئامینە زكری ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، فراكسیۆنی پارتی سوورە لەسەر ئەوەی كە دەبێت پڕۆژەی چاكسازی لە مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی پەسەند بكرێت و بە سوودی ڕای گشتیی بێت.

ڕوونی كردەوە كە ئەو فراكسیۆنانەی ڕێگری لە پەسەندكردنی پڕۆژەی چاكسازی دەكەن دیارن، بۆیە ئەگەر ڕێگرییەكان لەسەر پڕۆژەی چاكسازی بەردەوام بێت، ئەوە فراكسیۆنی پارتی هەڵوێستی تری دەبێت.

ئاماژەی بەوەیش كرد كە پێویستە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری كۆبوونەوە لەبارەی پەسەندكردنی پڕۆژەی چاكسازی لە مووچە و خانەنشینی بدات.

هاوكات دوێنێ‌ "وشە" ئەوەی بڵاو كردەوە كە فراكسیۆنی یەكێتی لە ڕێی بێگەرد تاڵەبانییەوە ڕێگری لە كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەی چاكسازی خانەنشینی دەكات.

پڕۆژەی چاكسازی لە مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی پەرلەمان كراوە، خاڵی گرنگی پڕۆژەكە چاكسازی و ڕێكخستنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانە سەرباری بڕینی بەشێكی زۆر لە مووچەی خانەنشینی نایاسایی هاوكات مووچەی خانەنشینی ئاسایی لە 200 هەزارەوە دەكاتە 300 هەزار.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم