گۆڕان بۆ یەكێتی: قەرز كۆن دەبێت... بەڵام نافەوتێت

:: PM:03:54:23/05/2018 ‌
دوا بەدوای گرژییەكانی شەوی 12ی ئایار لە بەردەم گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی كە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕانی لێیە، ئێستە بزووتنەوەكە بژاردەی پێكهێنانی هێزی چەكدار تاوتوێ‌ دەكات و وەك خۆیان دەڵێن، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەگەر هێزی چەكداری نەبێت، ناتوانن هەنگاوی زیاتر لەوە بچنە پێشەوە.

گۆڕان لە ساڵی 2009 بۆ یەكەمجار بەشداری پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی كرد، لەوكاتەوە تا ئێستە خۆی وەك هێزێكی مەدەنی ناساندووە و زۆر جاریش رەتی كردووەتەوە هێزی چەكداری دروست بكات، بەڵام پەرلەمانتارێكی ئەو حزبە لە كوردستان ڕای دەگەیەنێت، "پێشهاتە سیاسییەكانی كوردستان وا دەخوازێت حزب هێزی چەكداری هەبێت".

سەرچاوەیەكی تایبەت لەناو بزووتنەوی گۆڕان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، گۆڕان بیری لە پێكهێنانی هێزی چەكداری كردووەتەوە بۆ ئەوەی لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراودا بتوانێت بەرگری لەخۆی بكات و چیتر فرسەت لە هێزی مەدەنی گۆڕان نەهێنن.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، "ئەو پرسە لە خانەی راپەڕاندنەوە تا هەڵسووڕاوێكی گۆڕان ڕەتی ناكەنەوە، بەڵام ڕەنگە ڕێوشوێنی پێكهێنانی هێزەكە و زەوینەی بۆ خۆش نەكرابێت".

بەپێی قسەی سەرچاوەكە پێشتر لە ڕێی وەزیری پێشمەرگەوە كە ئەوكات لە بزووتنەوەی گۆڕان بوو هەوڵ دراوە ئەو كارە بكرێت، بەڵام گۆڕان ئەو پرسەی دواخست و پێی وابوو جارێكی تر بزووتنەوەكە ڕووبەڕووی هەڕەشە نابێتەوە.

سەرچاوەكەی ناو گۆڕان كە لەبەر هەستیاریی بابەتەكە ناوی ئاشكرا نەكرد، دووپاتی كردەوە كە "دوای هێرشەكەی شەوی 12ی ئایار لەلایەن چەكدارانی یەكێتییەوە، بۆچوونی پێكهێنانی هێزە چەكدارەكە تۆختر بووەوە".

مەحموود حاجی عومەر پەرلەمانتاری گۆڕان لە كوردستان لەبارەی پێكهێنانی هێزی چەكداری بۆ بزووتنەوەكە بە"وشە"ی گوت، ئەم وڵاتە كراوەتە وڵاتی سەربازی، جۆرەها گرووپی چەكداری بوونی هەیە و تەنیا لەناو یەكێتیدا چەندان گرووپی جیاوازی چەكداری هەیە و هێز نەكراوە بە نیشتمانی. بەگوتەی حاجی عومەر "لە سلێمانی هێزی لاهوور و هێزی شێخ جەعفەر و هێزی تر هەن كە بەردەوام گۆڕان مەترسی لەو هێزانە هەیە و مەترسییەكانیش لەسەر یەكێتی حیسابە".

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان دەڵێت، لەم وڵاتە هێزی چەكدارت نەبێت زوڵمت لێ‌ دەكرێت، چونكە نە دیموكراسی ماوە و نە دەستوور بوونی هەیە كە بەپێی یاسا كارەكان ڕێك بخات، بەڵام ئەوەی یەكێتی كردی وەك ئەو پەندە كوردییە وایە كە دەڵێ "قەرز كۆن دەبێت بەڵام نافەوتێت".

وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو پرسە قسەی هەیە و ڕای دەگەیەنێت، هیچ حزبێكی سیاسیی لە كوردستان بۆی نییە خاوەنی هێزی چەكداری بێت و پێكهێنانی هێز تەنیا بە بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت.

قارەمان شێخ كەمال جێگری سەرۆكی ئەركانی ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە"وشە"ی گوت، هیچ حزبێك داوای پێكهێنانی هێزی لە وەزارەتی پێشمەرگە نەكردووە و هیچ یاسا و ڕێنوێنییەك نییە بۆ ئەوەی حزب خاوەنی هێزی چەكدار بێت.

لەبارەی یەكەی 70 و 80 كە بە پێشمەرگەی یەكێتی و پارتی ناسراون، بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونی كردەوە كە یەكەی 80 و 70 سەربە وەزارەتی پێشمەرگە نین، بەڵام تەواوی هێزەكانی تر لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدان.

دووپاتی كردەوە كە لە ڕابردوودا هیچ حزبێكی سیاسی بەفەرمی ڕای نەگەیاندووە كە هێزی چەكداری پێكدێنێت "ئاگاداری ئەو هەنگاوەی گۆڕان نین".

"وشە" پێوەندی بە چەند بەرپرسێكی تری گۆڕان كرد، بەڵام ڕایانگەیاند كە لەو بارەیەوە نایانەوێ‌ ئێستە قسە بكەن.
ئێستە گۆڕان دەیەوێت بە دروستكردنی هێزی چەكداری چیتر زوڵمی لێ‌ نەكرێت و بتوانێ بەرگری لە خۆی بكات، یەكێتیش بەرانبەر بەخۆی بە گەورەترین مەترسیی دەزانێت بەهۆی ئەوەی هێزی چەكداریان لەژێر فەرمانی حزبەكە و تاك تاكی بەرپرسانی حزبەكەدایە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم