كۆبوونەوەی عەبادی و شاندی یەكێتی كۆتای هات
كەمێك لەمەوبەر كۆبوونەوەی نێوان شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حەیدەر عەبادی سەرۆكی لیستی نەسڕ لە شاری بەغدا كۆتای هات.
دوابەدوای كۆبوونەوەكە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا خالید شوانی ڕای گەیاند، كۆبوونەوەكە گرنگی تایبەتی هەبووە و گفتوگۆ لەسەر داهاتووی حكوومەتی عێراق كراوە.
زیاتر گوتی، گرنگە تەواوی حزب و لایەنە كوردستانییەكان یەك پەیام و بەرنامەیان هەبێت و لە بەغدا بیخەنەڕوو بەشێوەیەكی یەكدەنگ.
شاندەكەی یەكێتی كە بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا، لە لایەن مەلا بەختیارەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و هەریەكە لە رزگاری عەلی و فریاد رواندزی و خالید شوانیش ئەندامن لە شاندەكە.
بەیانی ئەمڕۆ یەكەم دیداری شاندی یەكێتی لە بەغدا لەگەڵ شاندەكەی پارتی بوو كە دوێنێ گەیشتووەتە بەغدا.
دوای دیدارێكی كورت لە نێوان ئەم دوو شاندەی كوردستان، خەسرەو گۆران و خالید شوانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجام دا.
لە كۆنفرانسەكە هەردوولا دووپاتیان كردەوە، ئەو دیدارانەی ئەم دوو رۆژە لە لایەن شاندی پارتی و شاندی یەكێتی لە بەغدا ئەنجام دەدرێت، تەنیا بۆ وەرگرتنی بۆچوونە، تا بزانرێت هاوپەیمانە سیاسییەكانی بیر لە چ جۆرێك لە حكوومەت دەكەنەوە.
چەند رۆژێكە هەموو لایەنەكانی عێراق كەوتوونەتە خۆ بۆ دانوستاندن لە پێناو پێكێهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.
وشە -
سهرخێڵ هاشم