كێ لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زیانمەند دەبێت؟

:: PM:04:54:23/05/2018 ‌


شتێكی ئاساییە وڵاتانی بەرهەمهێن و هەناردەكاری نەوت لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سوودمەند بن، بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت داهاتیان زیاد دەكات، چونكە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زیانێكی گەورە لە بودجەی گشتی وڵاتانی هاوردەكار دەدات.

خۆت بە بەرژەوەندی هەندێك وڵات مەبەستەوە، لێنزی كامێراكەت هەندێك فراوانتر بكە، بزانە كامانە سكێتەرن لەسەر ئاستی جیهاندا لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانیدا ئەوانیش زیانی زۆر دەكەن.

كێن ئەو سێكتەرانەی زۆرترین زیان لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكات، ئەو پرسیارەیە هەمیشە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دێتەوە پێشەوە. لە ئێستەدا بەهۆی كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران و راگەیاندنی 12 مەرج بەسەر ئەو وڵاتە، هەروەها ترس لە دابەزینی زیاتری بەرهەمی نەوتی ڤەنزوێلا دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە كە پڕ لە مشتومڕ بوو بەهۆی دووبارە هەڵبژاردنەوەی مادۆرۆ بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی كە یەكەم كاریشی كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكای لە وڵاتەكەی دەركرد، هەموو ئەو رووداوانە هۆكار و پاڵنەری سەرەكین لە گرانبوون و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كە ئێستە بە پێوەری رێنت 80 دۆلاری ئەمەریكی تێپەڕاندووە و ئەگەری هەیە نرخەكە زیاتر بەرز ببێتەوە، بەتایبەت ئەگەر ئەمەریكا بڕیاری سەپاندنی سزای ئابووری تر بخاتە سەر ڤەنزوێلا كە وڵاتێكی ئەندامە لە ئۆپیك.

دیارترین ئەو سێكتەرانەی هەمیشە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زیان دەكەن، زیاتر كۆمپانیاكانی گواستنەوە، كارگە و بەرهەمهێنەرەكانی كارەبا و هاووڵاتییان و بەكارهێنەرەكانن.

كۆمپانیاكانی گواستنەوەی وشكانی، دەریایی و ئاسمانی
هەستیارترین سێكتەرە بەرانبەر بە گرانبوونی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، لە پێش هەموویانە ترسی كۆمپانیاكانی فڕكەوانی كە شەوی رابردوو لەسەر ئەو پرسە مایكل ئۆلیری بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە كۆمپانیای ریان ئێری ئێرلەندی بۆ كەناڵی "CNBC"ی ئەمەریكی قسەی كرد، هۆشداریدا لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوتی خاو، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی فڕۆكە، گوتی "ئەگەر نرخەكە لەوە زیاتر بەرز ببێتەوە ئەوا هەندێك  كۆمپانیا دووچاری پووكانەوە دەبن".
 ئۆلیری پێشبینی كرد هەندێك كۆمپانیای ئەوروپی لە كێبڕكێ بچنە دەرەوە و لەماوەی چەند مانگی داهاتوو ماپە پووچ ببن، تەنانەت پێدەچێ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو كاردانەوەی نەرێنی بەسەر هەندێك كۆمپانیای فڕۆكەوانی دەبێت و لەسەرەتای ساڵی 2019 دووچاری داڕمان ببنەوە، تەنانەت مانەوەی نرخی نەوت بە 80 دۆلاریش وەك ئەوەی ئێستە هەیە ئەوا لەم زستانەدا هەندێك كۆمپانیای ئەوروپی هەیە زیان دەكەن.

ترس لەو بابەتە كە بازرگانان زیاتر دركی پێدەكەن، لەسەر كۆمپانیاكانی گواستنەوەی وشكانی و دەریایش هەیە رەنگە ترسەكە كەمێك كەمتر بێت، چونكە كێبڕكێ لەسەر گواستنەوەی ئاسمانی زۆر توندە تا ئەو ئاستەی زۆر زەحمەتە كۆمپانیاكان نرخی پلیتەكانیان بەرز بكەنەوە، كە هەمیشە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی فڕۆكە رووبەڕووی دەبنەوە و پێی دەگوترێت زیادەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی.
ئەو زیادەیە لە دەرئەنجامی سەركەوتنی نرخی نەوت بەسەر تێچووی سێكتەری گواستنەوە دروست دەبێت، بۆیە هەر گۆڕانكارییەك لە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا گۆڕانكاری لەو زیادەی تێچووی گواستنەوەیەش دروست دەكات بەجۆرێك یان زیاتری دەكات یان كەمی دەكاتەوە یانیش سفڕی دەكات و نایهێڵێت كە ئەم حالەتە لەكاتی سەقامگیربوونی نرخ لە بازاڕەكاندا زیاتر روودەدات.

تێچووی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین گەلێك زۆر لەسەر كۆمپانیا دەكەوێت و رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر كۆمپانیاكانی گواستنەوە دروست دەكات. پێوەند بەو پرسە ماڵپەڕی كۆمپانیای "DHL"ی جیهانی یەكێكە لە كۆمپانیا گشتییەكان و كاری گواستنەوە و فڕۆكەوانیش دەكات، دەڵێ بەرزبوونەوەی نرخ لە مانگی نیسانی رابردوو بە رێژەی 15.5% كاریگەری لەسەر سێكتەری فڕۆكەوانی داناوە، ئەو رێژەیەش بۆ مانگی ئایار/ ئەم مانگە/ وەك خۆیەتی و گۆڕانكاری زۆری بەسەردا نەهاتووە بەڵام پێشبینی دەكرێت بۆ مانگی حوزەیران رێژەكە بۆ 16.75% بەرز ببێتەوە.

كارگە و وێستگەكانی كارەبا

كارگەكان كە سووتەمەنی بەركار دەهێنن هەر لە دەستپێكی بەرهەم تا دوا قوناغ، بەرز بوونەوەی نرخی نەوت لەهەموویان زیاتر كاریگەری و لێكەوتەی بەسەر ئەوانەوە دەبێت. بۆ نموونە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەوا راستەوخۆ تێچووی بەرهەمهێنان بەرز دەبێتەوە و نرخیش لە بازاڕەكان بەرز دەبێتەوە و بەمەش كاریگەری لەسەر بەكاربەر دروست دەكات.
هاوكات وێستەگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا كە بە سووتەمەنی كار دەكات، ئەوانیش هاوشێوەی كارگەكانی بەرهەمهێنانی وزە كە مۆلیدەكانیان بە سووتەمەنی كار دەكات، ئەوەی لەسەر كارگەكانی بەرهەمهێنان جێبەجێ دەبێت لەسەر وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و وزەش جێبەجێ دەبێت.

هاووڵاتییان و بەركاربەران
هەرچی هاووڵاتییانن یان بەركاربەر، هەر شتێك كە روودەدات كاریگەری بەسەر ئەوەوە دەبێت، بۆیە هەموو ئەوەی لە هاوكێشەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەسەر كارگەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و گەیاندن دێت ئەوا نا راستەوخۆ لە گیرفانی هاووڵاتییان دێتە دەرەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەكاندا.
لەو كاتەی نرخی بەنزین بەرز دەبێتەوە ئەوا نرخی گەیاندنی تاكسییەكانیش بەرز دەبێتەوە، بەهەمان شێوە بۆ گەشتەكانی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیش دەگرێتەوە، بەڵام رەنگە لەوێدا بەهۆی كێبڕكێ نرخەكان وەها دەستكاری نەكرێت پێدەچێت ئەمەش دواجار هۆكار بێت لەوەی هەندێك لە كۆمپانیاكان تووشی پووكانەوە ببن، ئەگەر حكوومەتی وڵاتەكانیان پشتگیرییان لێ نەكەن.

سەرچاوە/ عەرەبی جەدید



وشە - فه‌رمان سادق