ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی شاندی یەكێتی لەگەڵ مالیكی

:: PM:06:34:23/05/2018 ‌
كۆبوونەوەی نێوان نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردیتان لە بەغدا كۆتای هات.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 23ی ئایار/ مایۆ، دوابەدوای كۆبوونەوەی نێوان شاندی یەكێتی و نووری مالیكی، مەلا بەختیار سەرۆكی شاندەكەی یەكێتی لە بەغدا كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامداو ڕای گەیاند، ئەركەكان سەبارەت بە داهاتووی حكوومەتی عێراق گرانە و پێویستە سوننەكان بتوانن پێداچوونەوە بەخۆیاندا بكەن و كوردیش یەكڕیزییەكانی بپارێزێت.

زیاتر گوتی، لە بەغدا گوێمان لە هەموو حزبەكان گرتووە و دواتر لە كوردستان گفتوگۆ لەسەر ئەو بۆچوونانە دەكەین و دەبێت دەستوور لە عێراق جێبەجێ‌ بكرێت.

مەلا بەختیار لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتی، پێویستە هاوئاهەنگی تەواو لە حكوومەتی داهاتووی عێراق هەبێت و نابێت حكوومەتی داهاتوو تەنیا هی یەك لایەن بێت.

شاندەكەی یەكێتی كە بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا، لە لایەن مەلا بەختیارەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و هەریەكە لە رزگاری عەلی و فریاد رواندزی و خالید شوانیش ئەندامن لە شاندەكە.

بەیانی ئەمڕۆ یەكەم دیداری شاندی یەكێتی لە بەغدا لەگەڵ شاندەكەی پارتی بوو كە دوێنێ گەیشتووەتە بەغدا.

دوای دیدارێكی كورت لە نێوان ئەم دوو شاندەی كوردستان، خەسرەو گۆران و خالید شوانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجام دا.

 لە كۆنفرانسەكە هەردوولا دووپاتیان كردەوە، ئەو دیدارانەی ئەم دوو رۆژە لە لایەن شاندی پارتی و شاندی یەكێتی لە بەغدا ئەنجام دەدرێت، تەنیا بۆ وەرگرتنی بۆچوونە، تا بزانرێت هاوپەیمانە سیاسییەكانی بیر لە چ جۆرێك لە حكوومەت دەكەنەوە.

چەند رۆژێكە هەموو لایەنەكانی عێراق كەوتوونەتە خۆ بۆ دانوستاندن لە پێناو پێكێهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم