بەپێی لێكدانەوەی دادگای فیدرالی كێ حكوومەتی عێراق پێك دێنێت؟

:: PM:08:02:23/05/2018 ‌

پرسی گەورەترین بارستەی ناو پەرلەمان و شایستە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لە هەڵبژاردنی 2010ی پەرلەمانی عێراق دەركەوت كاتێك لیستەكەی ئەیاد عەلاوی توانی بەچەند كورسییەك بەپێش لیستەكەی نووری مالیكی بكەوێتەوە، بەڵام ئەو كات پرسەكە بردرایە دادگای فیدرالی و ئەویش بەجۆرێك یەكلای كردەوە كە گەورەترین بارستەی ناو پەرلەمان نەوەك براوەی هەڵبژاردن دەتوانێت حكوومەت پێك بێنێت، بۆیە عەلاوی بردییەوە، بەڵام مالیكی حكوومەتی پێك هێنا.

ئەمڕۆ چوارشەم ئیاس سامۆك گوتەبێژ بەناوی دادگاكە لە لاپەڕی خۆی لە فەیسبووك دەقی نووسراوێكی دادگای فیدرالی بڵاو كردەوە كە باسی ئەو پرسە دەكات و پێ دەچێت لەم هەڵبژاردنەی ئەمساڵی عێراق دووبارە پشتی پێ ببەسترێتەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق وەك لە خوارەوە:

روونكردنەوەی دادگای باڵای فیدرالی بۆ دەقی دەستووری گەورەترین بارستەی ناو پەرلەمان، بڕگەی یەكەم لە مادەی 76ی دەستووری عێراق دەڵێت، سەرۆك كۆمار كاندیدی بارستەی خاوەن گەورەترین ژمارەی كورسی پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی وەزیران لە ماوەی 15 رۆژ لە بەرواری هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە، لێرەدا روونە كە ئەو مادە پرسی پێكهێنانی حكوومەت و ئەو كەسەی پێكی دێنێت یەكلا كردووەتەوە لە رێگەی ئەوەانەی خوارەوە: 

یەكەم/ مانای بارستەی خاوەن گەورەترین ژمارەی كورسی، دادگاكە وای دەبینێت كە لە مادەی 76ی دەستوور روون و ئاشكرایە.

مادەی (76ی دەستووری عێراق ئاماژە دەكات كە بارستەی پەرلەمان بریتییە لەو بارستەی لە گردبوونەوەی پەرلەمانتارانی دیاریكراو پێك دێت كە لەناو پەرلەماندا خۆی رادەگەیەنێت و پەرلەمانتاریش ئەو كەسەیە كە ئەو قۆناغانەی خوارەوە دەبڕێت:

1-بردنەوە لە هەڵبژاردنی بوونە ئەندامی پەرلەمان.
2-پەسندكردنی لەلایەن دادگای فیدرالییەوە بەوەی مەرجی پێویستی تیادایە.
3-سوێندخواردن وەك لە مادەی 50ی دەستووردا هاتووە.

ئەو كات پەرلەمانتار سیفەتی پەرلەمانتاری وەردەگرێت و پارێزبەندی و ئیمتیازاتەكانی تری پێ دەدرێت كە لە مادەی 63ی دەستووردا هاتووە، بۆیە بەر لە تەواوكردنی ئەو مەرجانە براوەی هەڵبژاردن ناتوانێت رۆلی یاسادانان و چاودێری كە دەستووری بۆ فەراهەم كردووە، ببینێت، چونكە تەنیا بردنەوە بەس نییە بۆ ئەوەی سیفەتی پەرلەمانتاری وەربگرێت.

دووەم/ ناونانی بارستەیەك بە بارستەی خاوەن زیاترین كورسی پەرلەمانی لەسەر ئەو بارستەیە جێبەجێ دەبێت كە لە ژمارەی پەرلەمانتارانی بەپێش بارستەكانی تر دەكەوێتەوە.

سێیەم/ ویستی پڕۆژەی دەستوور ئەوە نەبووە كە هەر لیستێكی براوەی یەكەم بتوانێت حكوومەت پێك بێنێت، تەنیا بە بردنەوەی لە هەڵبژاردن، ئەگەر ئەو ویستەی هەبوایە بە روونی باسی لێوە دەكرد وەك لە دەقەی دەستووردا بڵێت، سەرۆك كۆمار كاندیدی بارستە یان قەوارەی براوە بە زۆرترین ژمارەی كورسییەكان لە هەڵبژاردن رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی وەزیران وەك لە دەستووری ژمارەیەك دەوڵەتدا هەیە، هەروەها پێدانی مافی خۆكاندیدكردن بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كاندیدی بارستەی پەرلەمانی خاوەن زیاترین ژمارەی كورسی بەمەبەست دانراوە رەنگە پێوەندی بەدۆخی ژینگەی نووسینەوەی دەستوورەكەوە هەبووبێت و دروستكردنی جۆرێك لە هاوسەنگی و لێكگەیشتن لە نێوان بارستەكانی پەرلەمان. 

چوارەم/ رێگرییەكی دەستووری لەوە نییە كە لیستی براوەی هەڵبژاردن ئەنجوومەنی وەزیرانی نوێ پێك بێنێت، ئەگەر بەهەمان شێوە گەورەترین بارستەی پەرلەمان مایەوە و ژمارەی پەرلەمانتارانی لەخۆیان دەگرێت لە ژمارەی پەرلەمانتارانی بارستەكانی تر زیاتر بێت، ئەو كات وەسفە یاساییەكەی لە لیستی براوەی هەڵبژاردن دەگۆڕێت بۆ بارستەی خاوەن زیاترین كورسی پەرلەمان و لەسەر بنەمای ژمارەی پەرلەمانتارانی بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی وەزیران دێتە راسپاردن. 

پێنجەم/ ئەو كاتەی دادگای باڵای فیدرالی فەرمانی ژمارە 25ی خۆی لە 2010 دەركرد كە لێكدانەوەی بارستەی خاوەن زیاترین ژمارەی كورسی پەرلەمانی لەخۆی گرت، ئەو پشتی بە روونی و دەقی مادەی 76 لە دەستوور و لێكدانەوەی پەرلەمانتار و مەرجەكانی بوونی بە پەرلەمانتار و دادگەكە ناتوانێت دەقەكە و ناوەڕۆكەكەی بگۆڕێت و ناشتوانێت مەبەستی پڕۆژە دەستوورییەكە تێپەڕێنێت كە روونی دەكاتەوە، چونكە پابەندە بە لێكدانەوەی لەسەر بنەمای تایبتمەندیەكەی كە لە بڕگەی دووەمی مادەی 93ی دەستووردا دا هاتووە و لەسەر ئەو بنەمایەشەوە لە 2014 حەیدەر عەبادی بۆ پێكهێنانی حكوومەت هاتە راسپاردن، دوای ئەوەی لەلایەن هاوپەیمانی نیشتیمانییەوە هاتە كاندیدكردن كە ئەو كات گەورەترین بارستەی پەرلەمانی خاوەن زیاترین ژمارەی پەرلەمانتار پێك دەهێنا.  

شەشەم/ دادگای باڵای فیدرالی رێككاری سەبارەت بە بارستەی پەرلەمانی خاوەن زیاترین كورسی داناوە بەوەی ئەوەیە كە لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمان پێك دێت كە بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان ساز دەكرێت و بەفەرمی وەك گەورەترین بارستەی پەرلەمان تۆمار دەكرێت و ئەوەش پرسێكی زۆر گرنگ چارەسەر دەكات، چونكە هیچ بارستەیەك ناتوانێت بانگەشەی بوونی بە گەورەترین بارستەی پەرلەمانی بكات تەنیا لە راگەیاندنەكانەوە، بەڵكو دەبێت بە فەرمی لەناو پەرلەمان تۆمار بكرێت.

حەوتەم/ رێگرێك نییە لەبەردەم راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی ویزاری لە بارستەی  براوەی هەڵبژاردن بێت، ئەگەر ئەوە ویستراو بێت و مادەی 76ی دەستوور بەپێی پێویست هەمووار كرا و بەپێی میكانیزمی باسكراو لە مادەی 142ی دەستوور.


هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئەم مانگە بە بەشداری 44.52%ی دەنگدەران بەڕێوە چوو و تیایدا هاوپەیمانی سائیروون لە پلەی یەكەم هات بە بەدەستهێنانی 54 كورسی و دوای ئەو فەتح بە 47 كورسی و نەسڕ 42 كورسی و دەوڵەتی یاسا 26 كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان 25 كورسی و وەتەنییە بە 21 كورسی و رەوتی حیكمە بە 20 كورسی.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل