پەرلەمانی لبنان بۆ شەشەم خول لەسەر یەك نەبی بەری، سەركردەی بزاوی ئەمەلی شیعە وەك سەرۆكی پەرلەمانی هەڵدەبژێرێتەوە، ئەو پۆستەی 26 ساڵە لەلایەن بەرییەوە بەڕێوە دەبرێت.
بەری توانی لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی لبنان لە دوای هەڵبژاردنی گشتیی ئەو وڵاتە لە 6ی ئەم مانگە لە كۆی 128 پەرلەمانتاری لبنان دەنگی 98یان بەدەست بێنێت و 29 یان دەنگیان نەدا و دەنگێكیش هەڵوەشایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لایەنگرانی حزبوڵای لبنانی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانیان بەدەست هێنا لە بەرانبەر پاشەكشەی لایەنگرانی سەعد حەریری و رەوتی موستەقبەل.
بەوەش بەری /80 ساڵ/ و سەرۆكی بزاوی ئەمەل و هاوپەیمانی بەهێزی حزبوڵای لبنانی بۆ چوارساڵی داهاتوو دەبێتەوە سەرۆكی پەرلەمان كە هاوكات عەمیدی سەرانی پەرلەمانی عەرەبییە و ئەمڕۆش بێ ركابەر پۆستەكەی بردەوە كە بۆ شیعە تەرخان كراوە لە لبنان بەپێی سیستەمی دابەشكردنی دەسەڵات لە نێوان تایفەكانی ئەو وڵاتە.
دوای ئەو هەنگاوە میشال عەون سەرۆكی لبنان گفتوگۆ لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمان دەكات بۆ راگەیاندنی ناوی سەرۆك وەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە كە پۆستەكە بۆ سوننە تەرخان كراوە و پێشبینی دەكرێت سەعد حەریری دووبارە بۆ پۆستەكە كاندید بكرێتەوە كە هەروەها چاوەروان دەكرێت گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتەكەی سەخت بێت.
لە هەڵبژاردنی گشتیی لبنان كە لە شەشی ئەم مانگە بەڕێوە چوو لایەنگرانی حزبوڵای لبنانی توانیان 70 كورسی پەرلەمان بۆخۆیان دابین بكەن، لەو كاتەی لایەنگرانی حەریری سێیەكی كورسییەكانیان لەدەست دا و زۆرینەشی بۆ لایەنگرانی حزبوڵای لبنانی چوو.