ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك هەوڵی دابەزاندنی نرخی بەنزین دەدات

:: PM:08:37:23/05/2018 ‌
بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین پارێزگای دهۆكیشی گرتەوە و شۆفێران و هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین نیگەرانن. ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆكیش هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ڕوون دەكەنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 23ی ئایار/ مایۆ، رزگار سدقی ئەندامی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو لە سنووری پارێزگای دهۆك نرخی لیتری بەنزین بە رێژەیەكی كەم بە بەراورد بە ڕۆژانی رابردوو بەرزبووەتەوە و هۆكاری گرانبوونی نرخەكەیشی پێوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە.

زیاتر گوتی، هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە سنووری پارێزگای دهۆك دەگەڕێتەوە بو بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو لە بۆرسەی جیهانی.

ڕوونیشی كردەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بە هاوئاهەنگی لەگەڵ كارگێری پارێزگای دهۆك و قایمقامییەتی ناوەندی دهۆك لە ڕێگەی چەند لیژنەیەكی تایبەتمەند بەدواداچۆن بو سەرجەم بەنزیخانە و ئەو شوێنانە دەكەین كە دەیانەوێت نرخی بەنزین بەرز بكەنەوە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك ڕای گەیاند، ڕۆژانە بەنزینی پێویست دەگاتە سنووری پارێزگای دهۆك و بەهیچ شێوەیەك تەنگژەی كەمی بەنزین دروست نەبووە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لەچەند شارێكی تری هەرێمی كوردستان نرخی بەنزین بەشێوەیەكی كەم ڕووی لە زیاد بوون كردووە.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری



وشە - سه‌رخێڵ هاشم