فۆڕمی وەگرتنی یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر مامۆستایان دابەش دەكرێت

:: PM:09:18:23/05/2018 ‌
ماوەی چەند سەڵێكە زەوی بۆ كۆمیانیاییەك لە سنووری گەرمیان دیاری كراوە بۆ ئەوەی یەكەی نیشتەجێبوونی بەشێوە قیست تێدا دروست بكات و بەسەر مامۆستایاندا دابەش بكرێت، بەڵام هێشتا پڕۆژەكە دەستی پێ نەكردووە.

ژمارەیەك مامۆستا لە گەرمیان بە "وشە"یان ڕاگەیاند، دوای زیاتر لە چوار ساڵ چاوەڕوانی بۆ دابەشكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون چەند ڕۆژێكە یەكێتی مامۆستایان دەستی بە دابەشكردنی فۆڕم كردووە.  ئارام محەمەد یەكێك لەو مامۆستایانەیە و گوتی، بەهۆی بایكۆتی خوێندن یەكێتی مامۆستایان لەكاتێكی درەنگدا فۆرمی دابەشكردووە، سەرباری ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایان لە وەرگرتنی فۆڕمی یەكەی نیشتەجێبوون بێبەش بوون بەهۆی مۆڵەتیانەوە.

 لای خۆیەوە ساڵح میروەیس كارگێڕی لقی گەرمیانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، لە رێی پەروەردەی كەلارەوە ماوەی چەند رۆژێكە فۆڕم بەسەر مامۆستایاندا دابەش دەكرێت و نزیكەی سێ‌ هەزار و 500 فۆرممان بۆ گەڕاوەتەوە.
 
زیاتر گوتی، ژمارەی یەكەكان هەزار و 700 خانوو و 400 شوقە دەبێ، بەڵام هێشتا كۆمپانیاكە دەستی بەكاركردن نەكردووە و دواتر یەكەكان بە شێوەی قیست بەسەر مامۆستایاندا دابەش دەكرێت.

هاوكات ئەكرەم ساڵح سەرۆكی شارەوانی كەلار بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەنزیك زانكۆی گەرمیان كۆمپانیایەك زەوی بۆ دابین كراوە و ماوەی چەند ساڵێكە نەتوانراوە لەگەڵ مامۆستایان ڕێك بكەوێت، بۆیە دەستی بە پڕۆژەكە نەكردووە.

مامۆستایانی گەرمیان داواكارن كە ئەگەر پڕۆژەكە لە خزمەتی ئەواندایە و ئەوە پەلە بكرێت لە زوو تەواو كردنی بۆ ئەوەی ئەوانەی خاوەنی یەكەی نیشتەجێبوون نین سوودمەند بن لەو یەكانە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم