شاندی پارتی لە بەغدا لەگەڵ عەبادی و هاوپەیمانی وەتەنییە كۆبووەوە

:: PM:09:21:23/05/2018 ‌

لە چوارچێوەی گفتوگۆكانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ سەرانی هاوپەیمانیەتییە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شاندەكە لەگەڵ هەریەك لە حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و هاوپەیمانی وەتەنییە بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی كۆبووەوە.

دوای نیوەڕۆی دوێنێ سێشەم شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی بەغدای كرد و چاوی بە سەرانی لیستە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كەوت كە لەگەڵ هەریەك لە موقتەدا سەدر و نووری مالیكی و عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی و چەند لایەنێكی تر كۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەكی شایستە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق كرد.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی عەبادی، ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازی لە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی و لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی جموجۆڵی ئێستەی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق كرا و دووپات لە پەلەكردن لە پێكهێنانی كرایەوە و بۆچوونی خۆیان ئالوگۆڕ كرد.

لەلایەكی تر هەر ئەمڕۆ شاندی پارتی لەگەڵ هاوپەیمانی وەتەنییە بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی لە بەغدا كۆبووەوە و بەپێی بەیاننامەیەكی هاوپەیمانیەتییەكە هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی سیاسی و ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتێكی نیشتیمانی كرد، هەر لەو كۆبوونەوەدا دووپات لە بوونی پڕۆگرامێكی روونی سیاسی پابەندكراو بە وادەی كاتی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و تێپەڕاندنی هەڵەكانی رابردوو كرایەوە. 

ئەمڕۆ چوارشەم شاندێكی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گەیشتە بەغدا و ئەویش دەستی بە گفتوگۆ كرد لەگەڵ هاوپەیمانیەتییە براوەكان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە 12ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو.

سەرچاوە/ شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل