دواى په‌یدابوونى تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، نووسه‌ران هه‌میشه رێكلام ده‌كه‌ن، ئه‌مه زۆرجار واى كردووه جۆرێك له تێكه‌ڵى و سه‌ر لێشێواندن له‌ناو خوێنه‌ران دروست بێت، بۆیه له‌م به‌دواداچوونه‌دا ده‌پرسین ئه‌وه چییه وای كردووه له ئه‌مڕۆی ئه‌ده‌بی كوردیدا رێكلام تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ببێت به پاڵنه‌ری داهێنان؟ ئایا تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانن ببنه هۆى نوێگه‌ریی له نووسیندا؟ ئایا داهێنان پێوه‌سته به رێكلامه‌وه؟ یا رێكلام چۆن ڕۆڵی گێڕاوه له داهێنانی ئه‌ده‌بی ئه‌مڕۆی كوردیدا؟
نووسه‌ر حه‌كیم كاكه‌وه‌یس
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر بۆ ڕه‌واج پێدانی به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی دیاریكراو رێكلامی كۆمپانیا حزبییه‌كان بكه‌وێته كار، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ش خۆبه‌خۆ ده‌چێته بواری به‌رهه‌می بازرگانییه‌وه و ده‌بێته كه‌ره‌سه‌یه‌كی وه‌ك كرێمی ده‌موچاو و مووكێش و (حه‌فازه)ی منداڵ. رێكلام بۆ شتێك ده‌كرێ كه له قازانجی بازرگاندا بێ و هه‌ر به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بیش له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی خوێنه‌راندا به زه‌بری رێكلام ڕه‌واجی پێ بدرێ، هه‌رچییه‌ك بێ به سوودی بازرگانان ده‌شكێته‌وه نه‌ك ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بی كوردی.
زیاتر گوتی، ئه‌گه‌ر نووسه‌رێك به ئاگایییه‌وه ئه‌و جۆره رێكلامانه بۆ به‌رهه‌مه‌كانی خۆی قبووڵ بكات، ئه‌گه‌ر خۆی له ناخه‌وه له خه‌تی بازرگانیدا نه‌بێ، ده‌بێ به خۆیدا بچێته‌وه. كوا خوێنه‌ری رژد كه سه‌رمایه‌كه‌ی هه‌ڵوێستیه‌تی، داوا له خه‌ڵك بكات فڵانه به‌رهه‌م بخوێننه‌وه، كوا ده‌زگه‌یه‌كی حكوومه‌تێك كه به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌كه‌یشی كه‌وتووه‌ته په‌راوێزی بازرگانییه‌وه، رێكلامی بۆ بكات!
به‌گوته‌ی كاكه‌وه‌یس، رێكلام ته‌نیا بۆ ئه‌و به‌رهه‌مانه ده‌كرێ كه خه‌ریكی سه‌رقاڵكردنی خوێنه‌رانه به بابه‌تی لاوه‌كییه‌وه، ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه كێشه مه‌ترسیدار و گرنگه‌كانی ئه‌و ده‌موده‌سته له بیری خوێنه‌ر ده‌باته‌وه. ده‌با یه‌ك رێكلامیش بۆ شایه‌تحاڵه‌كانی ئه‌نفال، یا دایكم دوو جار گریا، یا دیوانێكی په‌شێو بكرێ كه هه‌موویان باسی ڕاسته‌وخۆی ماڵوێرانی كوردن و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كورد هه‌ست به برینی خۆی بكات. نا، چۆن رێكلام بۆ شتی وا ده‌كه‌ن؟ ئه‌و كه‌ره‌ستانه زیانبه به‌رژه‌وه‌ندییان ده‌گه‌یه‌نێ.
"ئه‌و ده‌زگه بازرگانی و گهمهچییانه خۆیان ده‌زانن رێكلام بۆ چی ده‌كه‌ن و كه‌ی ده‌یكه‌ن. ئه‌و ناوچه‌گه‌رێتی و حزب حزبێنه و لادانی خوێنه‌رانه له ڕاسته‌ڕێ رێكلام بۆ به‌رهه‌مێكی دیاریكراو ده‌خوڵقێنن و خاوه‌نی به‌رهه‌می وا پێی بزانێ یا نه‌زانێ، له قومارێكدا به‌شداره، براوه‌ش بێ هه‌ر دۆڕاوه". كاكه‌وه‌یس وای گوت.
ئه‌وه‌یشی روون كرده‌وه كه رێكلام خۆی له خۆیدا یا له درۆ پێكدێ یا ڕێژه‌یه‌كی زۆر زیاده‌ڕۆیی تێدا ده‌كرێ. هه‌موویشمان ده‌زانین په‌تی درۆ كورته و زوو ئاشكرا ده‌بێ. به‌ڵێ، رێكلام تا ماوه‌یه‌ك كاریگه‌ری ده‌بێ، به‌ڵام دواتر ده‌بێت رێكلامه‌كه له‌سه‌ر درۆی تر به‌رده‌وام بێ و به شێوازێكی نوێ ده‌ست پێ بكات، ده‌نا ئیفلاس ده‌كات.
شاعیر و نووسه‌ر ناڵه حه‌سه‌ن
ناڵه ده‌ڵێ، ده‌مه‌وێت پێ له‌سه‌ر ئه‌وه دابگرم و ته‌نیا ئه‌وه دووباره بكه‌مه‌وه كه رێكلام و ڕاگه‌یاندن به هیچ شێوه‌یه‌ك پێوه‌ندییان به داهێنانه‌وه نییه. هێنده نه‌بێ ته‌نیا ده‌توانن نووسه‌ر و ده‌قه‌كانیان یان كتێبه‌كانیان له ئاستێكی به‌ریندا بناسێنن. له ئاستێكی به‌رین ناساندنیش به مانای داهێنان نییه، چونكه زۆرن ئه‌و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه له ئاستێكی به‌رین ناسراون و كه‌چی نه‌ك هه‌ر داهێنانیان نییه، به‌ڵكو ، ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌كه‌یان له ئاستێكی زۆر نزمدایه! زۆرن ئه‌و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده حزبییانه‌ی یان ئه‌وانه‌ی له ژێر ساباتی ده‌سه‌ڵات ڕاكشاون، كه هه‌موو توانا و ده‌زگه‌كانی چاپه‌مه‌نی و ڕاگه‌یاندنه‌كان له خزمه‌تیاندایه، كه‌چی نووسین و به‌رهه‌مه‌كانیان له شتێكی بێ داهێنان و كرچوكاڵ به‌ولاوه شتێكی تر نییه! له هه‌مان كاتدا زۆریشن ئه‌و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانه‌ی هه‌میشه خه‌ریكی داهێنانن، به‌ڵام به ده‌لیلی ناحزبیبوونیان، یان ڕه‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵات یاخۆ به ده‌لیلی بیركردنه‌وه‌ی جیاوازه‌وه، هه‌میشه فه‌رامۆش ده‌كرێن و ته‌نانه‌ت له كوله‌كه‌ی ته‌ڕیش ناویان ناهێنرێ و باسیان ناكرێ.
ناڵه زیاتر مه‌به‌ستی خۆی روون كرده‌وه، "به كورتی مه‌به‌ستمه ئه‌وه بڵێم ئه‌گه‌ر ده‌قێك خۆی داهێنانی تێدا نه‌بێت، رێكلام چی بۆ ده‌كات؟ هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌توانێ له ئاستێكی به‌رین بیناسێنێ و بیگه‌یه‌نێت به هه‌موو شوێنێك، به‌ڵام ناتوانێت ئه‌لفێكی داهێنانی بۆ بخاته سه‌ر".
چیرۆكنووس و ڕۆماننووس دیدار مه‌سیفی
به‌گوته‌ی مه‌سیفی، ئه‌گه‌ر رێكلام چه‌كی داهێنان و نوێگه‌ریی بێت، هه‌ڵبه‌ت وه‌ك چه‌كیش كاری خۆی ده‌كات. ئه‌ی ئه‌وه نییه چه‌ك تا ده‌نگی بێت، پتر ناڵه‌ی قوربانییان و هه‌ڵای ته‌نێ گرووپێك له سه‌ركه‌وتووان به دوای خۆیدا دێنێت.
زیاتر گوتی "من خۆم هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ده‌نگه ده‌نگ و زه‌بروزه‌نگ نیم. هه‌ست ده‌كه‌م رێكلام له هه‌موو بواره‌كاندا شتێكی بێزاركه‌ر و ناجۆره، به‌وه‌ی كه‌سێك له بری تۆ بیر ده‌كاته‌وه و شت ده‌ڵێت. به‌ها و جوانی و گرینگی شتگه‌لی زۆر ده‌داته به‌ر باس بێ ئه‌وه‌ی یه‌كجاریش پرسێكی به تۆ كردبێت. كه‌چی رێكلام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دنیایه‌كی رووكه‌ش ده‌نه‌خشێنێت، له بنه‌ڕه‌تدا ده‌بێته مه‌یدانێكی بهرفرهیش بۆ ململانێ و ده‌ركه‌وتنی له پڕی كه‌سی زرنگ".
"پێم وایه له كوردستان هێشتا رێكلام بۆ ئه‌ده‌ب له ئاست رێكلام بۆ خواردن، جلوبه‌رگ، ئۆتۆمبێل و شته‌كانی تر نییه، بۆیه بۆ من ئاسان نییه رۆڵی رێكلام له به‌رانبه‌ر داهێناندا دیاری بكه‌م. له ده‌ره‌وه خولیایه‌كی گه‌وره‌م هه‌بوو له گه‌ڕان به‌ناو كتێبفرۆشاندا و وام لێ هاتبوو رۆمانی باش و خراپم به به‌رگه‌كانیان ده‌ناسییه‌وه. زۆر جار وا رێك ده‌كه‌وت رێكلام له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م رسته‌ی ناو كتێبێك ببه‌زێت و له به‌رچاوم پاشه‌كشه بكات". دیار مه‌سیفی وای گوت.
سازدانى ته‌وه‌ر: غه‌مگین خدر