رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاوی کردەوە ئافرەتێک کە لە پێش تەمەنی ١٨ ساڵی مێردەکەی کوشتووە و دواتر گیراوە مەترسی ئەوەی لەسەرە لە سێدارە بدرێت.
ناوی ئافرەتەکە زێنەب سەکاوەندە و تاوانەکەی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا ئەنجام داوە و دواتر لە دادگا بە لەسێدارەدان حوکم دراوە. ئەو بە هۆی ئەوەی کە لە نێو گرتووخانەدا هاوسەرگیری کردووە و تەنانەت دووگیانیش بووە سزاکەی لەسەر جێبەجێ نەکراوە و دواخراوە.
زێنەب دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە، بەڵام منداڵەکەی بە مردوویی لەدایک دەبێت و بۆیەش دووبارە بۆ گرتووخانە دەنێردرێتەوە.
زێنەب کە خەڵکی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە دەڵێت لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بە شوو دراوە و مێردەکەی ئازاری داوە و بۆیەش هەوڵی داوە لێی جیا ببێتەوە، بەڵام هەوڵەکەی سەری نەگرتووە.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، زێنەب بۆ ماوەی مانگێک لە لایەن پۆلیسی ورمێ ئازار دراوە تا دواجار دانی بە تاوانەکە ناوە.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رەخنەی توند لە ئێران دەگرن کە ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خواروو ١٨ ساڵە و تاوانێکیان کردووە، سزای سێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنێت.
ئێران، تاوانبارەکە تا تەمەنی ١٨ ساڵی لە گرتووخانەدا دەهێڵێتەوە و دواتر لە سێدارەی دەدات. ساڵانە لە ئێران ژمارەیەکی زۆری بەندکراو لە سێدارە دەدرێن و لە ریزی ئەو وڵاتانەیە کە رێژەی لە سێدارەدان تیایدا بەرزە.
دەگوترێت زێنەب سەکاوەند لە ماوەی دووگیانیدا بە باشی نەخراوەتە ژێر چاودێری پزیشک و تا ئەو کاتەی منداڵەکەی لە دایکبووە تەنیا جارێک سۆنەری بۆ کراوە.
وشە/voa_و:سلێمان تاشان