لیره‌ی توركی به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌ره‌سهێنان

:: PM:01:31:24/05/2018 ‌

 

رەوتی دابەزینی نرخی لیرە بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی بە خێرایی لە دابەزیندایە و تەنیا دوێنێ چوارشەم سەرووی 5% لە بەهای لیرە دابەزی و ئەمڕۆ پێنجشەمیش لە دابەزین بەردەوامە.

 

ئێستە نرخی 100 دۆلاری ئەمەریکی بە 470 لیرە دەفرۆشرێت، هەمووی هەفتەیەک نابێت بەهای دۆلار لە 440 لیرە بەرانبەر 100 دۆلار بۆ   470لیرە بەرانبەر 100 دۆلار بەرز بووەتەوە. دوێنێ چوارشەم دۆلار 4.9 لیرەشی تۆمار کرد.

 

لە سەرەتای ئەم مانگەوە نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی لە 405 لیرەوە بەرز بووەتەوە بۆ 470  لیرە و لە ماوەی شەش مانگی رابردووشدا لیرە 18% لە بەهای خۆی لەدەست داوە.

 

نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە لیرە لە سەرەتای ئەمساڵ بریتی بووە لە 375 لیرە و شەش مانگ لەمەوبەریش 340 لیرە بووە. ئەونرخە لە ساڵی 2017 بریتی بووە لە 280 لیرە، لە ساڵی 2015 بریتی بووە لە 266 لیرە و لە ساڵی 2014 نرخەكەی 200 لیرە بووە.

 

لە نزیكەی چوار ساڵی رابردووەوە تا ئێستە نرخی دۆلار بەرانبەر بە لیرە دوو هێندە گرانتر بووە و بەهای لیرەی توركیا بۆ نیوە دابەزیوە.

 

بە گوێرەی چارتی XE ساڵی 2011 نرخی 100 دۆلار بە 150 لیرە بوو و ئەو نرخە لە ساڵی 2008 بریتی بوو لە 119 لیرە. ئەمەش دەریدەخات لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو لیرە پاشەكشەیەكی زۆری كردووە.

 

گرنگترین هۆكاری پاشەكشەی ئابووری توركیا و دابەزینی نرخی لیرە بەرانبەر بە دراوەكانی تری دنیا ئەو سیاسەتانە بووە رەجەب تەیب ئەردۆغان گرتوویەتە بەر. ئەوەی سیستەمی سیاسی توركیاشی گۆڕی و توركیای لە وڵاتێك كە هێندەی نەمابوو ببێت بە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا بۆ وڵاتێك گۆڕیوە كە تاكە كەسێك بەسەریدا زاڵە و خەریكە بەرەو وڵاتێكی دیكتاتۆری دەگۆڕدرێت.

 

لیرەی توركیا لە كاتێكدا رووی لە دابەزین كردووە كە مانگی داهاتوو خولێكی تری هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.

 




وشە - سلێمان تاشان