پێداچوونەوە بە پلەی سەربازی هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێت

:: PM:02:36:24/05/2018 ‌
ئەندامێكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، بڕیار هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوە و پێداچوونەوەی ئەو پلە سەربازیانەی لەناو هێزەكانی پێشمەرگە دراون ، بەڵام تا ئێستە بڕیارەكە جێبەجێ‌ نەكراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 24ی ئایار/ مایۆ، مەحموود حاجی عومەر ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ڕابردوو و ئێستەیش بەدواداچوون لەسەر ئەو پلە بەرزكردنەوانەی ناو هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامە و پێویستە ئەو كارە ڕێكخستنەوەی بۆ بكرێت.

ڕوونیشی كردەوە كە بڕیار هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوە و پێداچوونەوەی ئەو پلانەی دراون لەناو هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام تا ئێستە بڕیارەكە جێبەجێ‌ نەكراوە.

ئەندامەكەی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمان گوتی، هەندێك پلە هەن لە وەزارەتی پێشمەگە دراون زۆر نایاساییە و بە پێچەوانەوە لەناو هێزەكانی پێشمەرگە هەندێك خەڵك كاتی وەرگرتنی پلەیان هاتووە، بەڵام پلەكانیان وەرناگیرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان دووپاتی لەوەیشكردەوە كە لە ڕابردوو بەشێك لەو پلە سەربازییانەی دراون لە ڕێی حزبەكانەوە بووە و بەشێوەیەكی ڕێكخراو و سیستەم نەبووە.

لێدوانی ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان لەكاتێكدایە كە لەماوەی ڕابردوویشدا لە پەرلەمانی كوردستانەوە داوا كرابوو كاروباری پێشمەرگە ڕێك بخرێتەوە هاوكات لە پڕۆژەی چاكسازی مووچە و خانەنشینی ڕوون كراوەتەوە كە دەبێت هەموو هێزەكانی پێشمەرگە بە یەكەی 70 و یەكەی 80 ەوە لەژێر بڕیاری یەك یەكەی ژمێریاری دا بن.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم