كارەبای هەولێر بوو بە 24 سەعات

:: PM:02:39:24/05/2018 ‌
قایمقامی ناوەندی هەولێر ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان بڕیارمان دا، سەعاتەكانی پێدانی كارەبا هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا نەكرێت و هەركاتێك كارەبا بڕا مۆلیدەكان كارەبا دەدەنەوە و بەمشێوەیە 24 سەعات كارەبا دەبێ.

ئەمڕۆ پێنجشەم 24ـی ئایار/مایۆ، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەندی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەبارەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان، بە هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی مۆلیدەكان لە پارێزگای هەولێر بڕیار درا، كە لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی پچڕا، پێویستە مۆلیدە ئەهلییەكان كارەبا بدەنەوە هاووڵاتییان.

زیاتر گوتی، سەعاتەكانی پێدانی كارەبا گۆڕانكارییان تێدا ناكرێت، ئەگەر هەر خاوەن مۆلیدەیەك سەرپێچی لەو بڕیارە بكات، ئەوا بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و سزا دەدرێت.

مانگانە لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لەگەڵ بەرپرسانی كارگێڕی هەولێر بڕیاری پێدانی سەعاتەكانی كارەبا دەدەن، بەڵام بەهۆی مانگی ڕەمەزان و هاتنی وەرزی گەرما، هاووڵاتیان پێویستی زیاتریان بە ساردكەرەوەیە، بۆیە بڕیار دراوە لە ئەگەری بڕانی كارەبا حكوومی پێویستە مۆلیدە ئەهلییەكان ڕاستەوخۆ كارەبا بدەنەوە.

پێدانی كارەبای حكوومی ئێستە ڕۆژانە نزیكەی 14 سەعاتە و پێویستە ئەوەی تر مۆلیدە ئەهلییەكان پڕی بكەنەوە.



وشە - رامیار جەواد